ئەنجومەنی باڵای دادوەری پابەندبوونی نەگۆڕی خۆی بۆ دادگاییکردنی بکوژانی ئێزیدییەکان دووپاتدەکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایق زێدان، تەئكیدیكردەوە: لە پابەندبوونی دەسەڵاتی دادوەری بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو كەسانەی كە دەستیان بە خوێنی بێتاوانی ئێزیدییەكان سوورە.
لە میانی كۆنفرانسێكدا بۆ یادكردنەوەی جینۆسایدی پێكهاتەی ئێزدی، كە لەلایەن سەنتەری نیشتمانی بۆ هاریكاریی دادوەری نێودەوڵەتی بە هاوكاری زانكۆی ئەمریكی لە بەغدا ڕێكخرابوو، وموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە ساڵڕۆژێكی پڕ لە ئازاردا كۆدەبینەوە، كە ساڵیادی برینێكی قووڵە لە دڵی میللەتدا، تاوانێكی دڕندانەیە بەرامبەر برا و خوشكە ئێزدیەكانمان، كە ویژدانی عێراق دەهەژێنن، بەڕاستی ویژدانی مرۆڤایەتی بە گشتی.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەو ڕۆژە تاریكانەدا شاهیدی كوشتنی بەكۆمەڵ و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و پێشێلكردنی كەرامەتی مرۆڤ بووین، هەزاران شەهید بوون، هەزارانی دیكە بێسەروشوێن بوون، یان بە دیل گیران، لەكاتێكدا ڕزگاربووان مانەوە و بەردەوامن لە ژیان لەگەڵ ئازاری لەدەستدان و تاڵیی كارەساتدا.
رونیشیكردەوە: ئەم كارەساتە تەنها هێرشێك نەبووە بۆ سەر گروپێكی دیاریكراو، بەڵكو هێرشێك بوو بۆ سەر مرۆڤایەتی و بەهاكانمان و بوونی هاوبەشمان، و وتیشی: ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە كاتێكدا ئەم ساتە ئازاربەخشانە بە بیر دێنێتەوە، ئەمڕۆ پابەندبوونی چەسپاوی خۆی بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو كەسانە نوێ دەكاتەوە كە دەستیان بە خوێنی بێتاوانەكان سوورە, یاسا هیچ ئیستسنایەك نازانێت، دادپەروەری نەرمی قبوڵ ناكات، هیچ جێگایەك لەسەر خاكی عێراق نییە بۆ ئەوەی تاوانبارێك لە سزا ڕزگاری بێت.
تەئكیدیشیكردەوە: سەنتەری نیشتمانی هاوكاریی دادوەری نێودەوڵەتی ڕۆڵێكی سەرەكی بینی لە ئەرشیفكردن و پاراستنی بەڵگەكانی پەیوەست بەم تاوانانە و لە بەڵگەنامەكردنی ئیفادەی ڕزگاربووان و قوربانییەكان بەپێی ستانداردە وردەكان كە دڵنیای دەدەن لە یەكگرتوویی فایلە دادوەرییەكان.
وتیشی: ئەم هەوڵە ناوازەیە نەك تەنها بۆ دادگاییكردنی تاوانباران، بەڵكو پاراستنی دادپەروەری بۆ نەوەكانی داهاتوو و دڵنیابوون لەوەی كە ئەم تاوانانە لە یادەوەری دادپەروەریدا بە زیندووی دەمێننەوە. هەروەها سەنتەرەكە كاردەكات بۆ بەرزكردنەوەی هاوكاری لەگەڵ وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەدواداچوون بۆ تاوانباران لە هەر شوێنێكدا بدۆزرێتەوە و ڕێگرییان لێدەكات لە دەربازبوونیان لە سزا.
