ئەنجومەنی سیاسی دەستخۆشی لە پەرۆشیی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکڕیزی دەکات
ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستخۆشی لە پەرۆشیی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد بۆ پاراستنی یەکڕیزی و جەختی لەسەر گرنگیی لەپێشخستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنەکەدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتوووه، هاتووە: ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی، کۆبوونەوەیەکی لە بەغدا و لە بارەگای هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، بە ئامادەبوونی سەرکردەی ئەو پارت و هاوپەیمانێتییانەی ئەنجومەنەکەیان پێکهێناوە ئەنجامدا، جگە لە هاوپەیمانی عەزم.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە تاوتوێی گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی نیشتمانی و هەرێمییان کردووە و جەختیان لەسەر گرنگیی بانگەوازەکانی هێورکردنەوە و بەهێزکردنی هەوڵەکانی گفتوگۆ لە ناوچەکەدا کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاڵپشتیکردنی سەقامگیری، و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دانوستان و هەوڵە دیپلۆماسییەکانەوە.
ئەنجومەنەکە بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دەستخۆشی لە پەرۆشیی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکڕیزی نیشتمانی کرد و دووپاتی کردەوە کە هاوبەشی ئەم بنەمایەیە و جەختی لە گرنگیی لەپێشخستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و کرانەوە بە ڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کردەوە،.
لە ڕووی ڕێکخستنیشەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: ئەنجومەنەکە بڕیاری دا کە بڕیارە دەرچووەکانی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ بێت، ئەمەش وەک هاوئاهەنگییەک لەگەڵ ویستی دەستەی گشتی و بۆ بەهێزکردنی ڕۆحی هاوکاری و کاری دامەزراوەیی لە ناو ئەنجومەنەکەدا .
