ئەنجومەنی فەتوای هەرێم : فرۆشتنی زێڕ بە قەرز دەچێتە چوارچێوەی ریبا و حەرامە
ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم دەڵێت، فرۆشتنی زێڕ بە قەرز دەچێتە چوارچێوەی ریبا و حەرامە چونكە فرۆشتنی زێڕو زیو بە پارە پێویستە دەست بە دەست بێت، لەو كاتەدا هەردوولا لە یەكتری وەربگرن.
ئەمڕۆ شەممە ١٤ـی شوباتی ٢٠٢٦، لە نوێترین فەتوای ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمدا هاتووە، چەند پرسیارێكی هاوڵاتییانمان ئاراستە كراوە لەبارەی مامەڵەی زێڕ، بۆ ئەو مەبەستە روونكردنەوەی بڕیاری شەرع و دەرچوونی فەتوای فەرمی لەبارەیانەوە درا.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا فەتوای دا و دەڵێت، فرۆشتنی زێڕ بە قەرز بە دیناری عێراقی دروست نییە، چونكە دەچێتە خانەی (ربا الید) چونكە كڕین و فرۆشتنی زێڕ و زیو بە پارە پێویستە دەست بە دەست بێت، لەو كاتەدا هەردوولا لە یەكتری وەربگرن بە پێچەوانەوە پێی دەوترێت (ربا الید).
ئاماژە بەوەشکراوە، دەرچەی شەرعی بۆ ئەو كەسانەی پێویستیان بە كڕینی زێڕ هەیە و پارەی پێویستیان لە بەردەست نییە، ئەوەیە كە دینارەكە لە زێڕنگرەكە بە قەرز وەربگرن و قەرزی بكەن، پاشان بەو پارەیە زێڕەكە بكڕن، یان زێڕەكە خۆی بە مسقاڵ قەرز بكەن و پاشان كەی ویستیان بیدەنەوە بە هەمان ئەندازە زێڕ بۆ زێڕنگرەكە بهێننەوە.
روونیشیان كردووەتەوە، فرۆشتنی زێڕ بە قەرز بە دیناری عێراقی یان هەر دراوێكی تر دروست نییە، جا كەیفی خۆیەتی بە زیاتر بێت لە نرخی بازاڕ یان وەك نرخی ئاسایی بێت، چونكە دەچێتە خانەی (ربا الید) وە.
ئەو ئەنجوومەنە باس لەوەش دەكات، لەبەرئەوەی زێڕ لە شەریعەتدا هەر بە دراو حیسابە و لە دراویەتی ناكەوێت، دروستە بە قەرزی زێڕ بیبات، واتە كەی كاتی دانەوەی هات ئەندازەی چەندی بە قەرز وەرگرتبێت، ئەو ئەندازەیە بگێڕێتەوە، هەروەها دروستیشە بگۆڕێت بە دراوێكی تر بە دوو مەرج:
١- پێویستە زێڕەكە بە نرخی رۆژ بخەمڵێندرێت .
٢- پێویستە هەموو قەرزەكە ساف بكرێت، واتە كە لە یەكتر جیا بوونەوە، هیچ قەرز لە نێوان مامەڵەكارەكاندا نەمێنێت.
