ئەنجومەنی وەزیران هەرێم پشكی هەرێم لە خشتەی بودجەی 2024 تاوتوێ دەكات
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەدایە و پشكی هەرێمی كوردستان لە خشتەی بودجەی 2024 و سێ تەوەری دیكە تاوتوێدەكات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەكە لە چوار بڕگە پێكهاتووە، لە بڕگەی یەكەمدا، ڕاپۆرتی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچە كوردستانییەكان دەخرێتەڕوو.
لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتێك سەبارەت بە خشتەكانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی، بۆ ساڵەكانی 2024_2025 كە لە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی پەسەندكرابوو، دەخرێتە ڕوو.
لە بڕگەی سێیەمدا ڕاپۆرتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، تایبەت بە برەودان بە پشتیوانیی پڕۆژە بچووك و مامناوەندەكانی لاوان تاوتوێدەكرێت.
لە بڕگەی چوارەمدا، ڕاپۆرتێك لەبارەی ڕێگەوبانە سەرەكییەكانی نێوان شارەكانی هەرێم و هاتووچۆی بارهەڵگر و تانكەرەكان، بە تایبەت لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا تاوتوێدەكرێت.
