ئەنجومەنی وەزیران هەرێم ڕەزامەندی دەربڕی بۆ لێخۆشبونی 50%ـی قەرزی سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆشبون بە ڕێژەی (٪50)ی سەر قەرزی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە مەرجێگ سەرجەمیان لە ماوەی مانگێكدا قەرزەكانیان بدەنەوە. كە لەكۆی زیاتر لە 300 كەناڵی بیسترا و بینراوە، 94 کەناڵی بینراو و 132 کەناڵی بیستراو قەرزارن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، "بە واژوی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و بە نوسراوی ژمارە (1683)ی ڕۆژی (28/5/2025) وەزارەتەكە داواکاری لێخۆشبون لە بڕێکی قەرزی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بەرزکردەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران".
لە دواكارییەكەدا هاتوە، "بە هۆی کەڵەکەبونی قەرزی میدیای بینرا و بیستراوەکان لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە داراییەی کە ڕوی لە هەرێمی کوردستان کردوە و کەمبونەوە و نەمانی ئەو داهاتەی کە میدیا بینرا و بیستراوەکان پێشتر بەدەستیان دەهێنا لە ڕێگەی ڕێکلام، ئەمەش بە هۆی ئەوەی لە ئێستا زیاتر لە ڕێگەی سۆشیالمیدیاوە ڕێکلام بۆ کاڵاکان دەکرێت، هەروەها لەسەر داوای زۆربەی میدیا بینراو و بیستراوەکان داواکارین ڕەزامەندی بفەرمون لەسەر لێخۆشبون بە ڕێژەی (50%) لە قەرزەکان".
لە وەڵامی ئەو نوسراوەدا، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوی ژمارە (1524)ی ڕۆژی 9ـی ئەم مانگە پێشنیاز و داواکارییەکەی پەسندکرد و لە وەڵامدا دەڵێت، "ڕەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبون بە ڕێژەی 50% لەو قەرزانەی کە کەوتوەتە ئەستۆی میدیاکان، بە مەرجێک گشت کەناڵەکان پابەند بن بە دانەوەی ئەو قەرزانە لە ماوەی یەک مانگ، لە ئەگەری پابەند نەبونیان سزای دواکەوتن بێتە سەر قەرزەکانیان".
بە گوێرە داتاکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان زیاتر لە 300 کەناڵی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو تۆمار کراون و لەو ژمارەیە سێ لەسەر چواریان قەرزیان لەسەر کەڵەکە بوە. بەوتەی بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، لە کۆی 176 کەناڵی بیستراو، 132 کەناڵ قەرزارن و لە کۆی 126 کەناڵی بینراو 94 کەناڵیان قەرزارن، واتە لە کۆی 302 کەناڵ، 226 کەناڵیان قەرزارن.
