ئەنجومەنی وەزیران ژمارەیەک بڕیار لەبارەی داهاتەکان و کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان و یاسای ڕاژەی زانکۆیی دەردەکات
ئەنجوومەنی وەزیران ئەمڕۆ سێشەممە پاکێجێک بڕیاری دەرکرد، لەوانە لەبواری فراوانترکردنی داهاتەکان و هەمەچەشنکردنی هەناردەکردن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، تیایدا هاتووە : ئەمڕۆ سێشەممە "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیران، سەرۆکایەتی شەشەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ ساڵی 2026 کرد، کە تێیدا باس لە بارودۆخی گشتی وڵات کرا و گفتوگۆ دەربارەی بابەتە دیاریکراوەکانی ناو کارنامەیبکۆبوونەوەکە کرا و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
وەک راگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : ئەنجومەن بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو کۆمەڵە بڕیار و هەنگاوانەی کە پێشتر ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری پەسەندی کردبوون، بە مەبەستی زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بەهێزکردنی ئابووری نیشتمانی لە بوارە جیاوازەکاندا، هەروەها بەدواداچوونی کرد بۆ ڕێکارەکانی وەزارەتەکان لەمبارەیەوە، بە شێوەیەک کە سەقامگیری لە بازاڕە ناوخۆییەکان و کاڵا و خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان بۆ گشت هاووڵاتییان دابین بکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : لە بواری زیادکردنی داهات و هەمەجۆرکردنی هەناردەکردندا، ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری پەسەند کرد سەبارەت بە بڕی پاڵپشتی بەرهەمە نەوتییەکان کە ئەمانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
یەکەم: راسپاردنی وەزارەتی نەوت بە هەناردەکردنی لانیکەم 75%ی نەوتی ڕەش لە پاڵاوگە ناوخۆییەکان، کە لەمساڵدا دەگاتە 1.1 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییە سپییەکان بەپێی ئەو زیادەیەی لەبەردەستە.
دووەم: پابەندکردنی وەزارەتەکانی کارەبا و نەوت بە بەستنی پێوەری پێوانەکردن لەسەر دەروازەکانی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ یەکە بەرهەمهێنەرەکان، و هاوتاکردنی بڕە وەرگیراوەکان لەگەڵ بەرهەمهێنانی کارەبا.
سێیەم: راسپاردنی وەزارەتی کارەبا بە گۆڕینی ئەو وێستگانەی بە نەوتی خاو کار دەکەن، بۆ کارکردن بەو بەرهەمە نەوتییانەی کە سوودیان زیاترە.
چوارەم: دابینکردنی سووتەمەنی زەیتی (زیت الوقود) بۆ کارگەکانی سووتەمەنی کەشتییەکان بە نرخێک کە 20% کەمتر بێت لە نرخی بڵاوکراوەی جیهانی، و بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ بە نرخی 60%ی نرخی جیهانی، و دابینکردنی بەرهەمی زەیتی سووتەمەنی بە نرخی 60%ی نرخی جیهانی، و یەکخستنی نرخی (نەفتا)ی دابینکراو بۆ کارگەکانی هایدرۆجین تا ببێتە 40%ی نرخەکەی لە بڵاوکراوە جیهانییەکاندا.
پێنجەم: ڕاگرتنی پێدانی مۆڵەت بۆ دروستکردنی ئەو کارگانەی بەرهەمە نەوتییەکان وەک ماددەی سەرەتایی بەکاردەهێنن بۆ ماوەی 5 ساڵ، و راسپاردنی دەزگا ئەمنییەکان بە گرتنەبەری ڕێکاری توند بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتی بەرهەم و ماددە نەوتییەکان.
لەدرێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە : سەبارەت بە پڕۆژەکانی ژێرخان،ئەنجومەن بەدواداچوونی کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی بەسرەی گەورە، لە قۆناغەکانی سێیەم و چوارەمدا کە پەیوەستن بە گۆڕینی جۆری ئاوی خاو، و ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری پەسەند کرد سەبارەت بە خستنە ناوەوەی پڕۆژەکە لەلایەن هەردوو وەزارەتی پلاندانان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و هەماهەنگی لەنێوانیاندا بۆ ساڵی 2026.
هەروەهابئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دا لەسەر دەستەی گشتی باج/ وەزارەتی دارایی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیای گشتی گەیاندن و زانیاریناسی/ وەزارەتی پەیوەندییەکان، بۆ بەستنەوەی دەستەکە و (51 لق) بە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتەوە، و دەسەڵاتدان بە دەستەی گشتی باج بۆ وتووێژکردن لەگەڵ لایەنی بەرانبەر و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پێشنیارە تەکنیکی و بازرگانییەکان و زیادکردنی بڕگەی پێویست.
هەروەک ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دا لەسەر یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی نێوان کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە/ وەزارەتی بازرگانی، و کۆمپانیای گشتی بەندەرەکانی عێراق/ وەزارەتی گواستنەوە، بەپێی ڕاسپاردەکانی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 43ی ساڵی 2026، و ئەو تێبینی و پێشنیارانەی لە کۆنووسی لیژنەکەدا هاتوون، هەروەها تێبینییەکانی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران.
لە کۆتاییدا راگەیەندراوکەدا هاتووە : ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی (پەروەردە، و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) پەسەند کرد بە جێبەجێکردنی ماددەی 10/ سێیەم لە یاسای خزمەتی زانکۆیی، بەبێ ئەوەی هیچ شوێنەوارێکی دارایی لێ بکەوێتەوە، و ئەم بڕیارە هەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە یاسای خزمەتی ناوبراو جێبەجێ دەکەن.
