ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئابووری و گەشەپێدان و کارگێڕی ڕادەگەیەنێت
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکایەتی دووەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ساڵی 2026 دەکات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی دووەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانى کرد و تێیدا بارودۆخی گشتی وڵات و چەند بابەتێکی گرنگ هاتە بەرباس و پێداچوونەوە بە بڕگەکانی بەرنامەی کار کرا و بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە درا.
لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆی بەرفراوان لەسەر ڕێوشوێنەکانی زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان هاتە ئاراوە و وەزیرە بەڕێزەکان ڕێکارەکانی وەزارەتەکانیان سەبارەت بەم بابەتە گرنگە خستەڕوو، کە دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتەوو لە چاکسازییە ئابوورییەکان و بەڕێوەبردنی گونجاوی سامانی گشتی.
ئەنجومەنەکە بەردەوام بوو لە گفتوگۆکانی لەسەر کارنامەی دانیشتنەکە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان و دەنگیدا لەسەر دەسەڵاتدان بە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان بۆ تەرخانکردنی پێنج هەزار دۆنم زەوی لەو پارچە زەویانەی کە لە نووسراوی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردندا دیاریکراون بۆ وەزارەتی دارایی لە بەرواری (22ی کانوونی دووەمی 2025) بۆ گواستنەوە بۆ گەشەپێدەرێکی خانووبەرە بۆ دابەشکردنی لەنێوان فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا.
هەروەها ئەنجومەنەکە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دواخستنی کۆکردنەوەی قەرزەکانی ئەو کەسانەی کە لە بڕگەکانی یاسای ژمارە (20ی ساڵی 2009 هەموارکراوەتەوە) سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هەڵە سەربازییەکان و کردەوە تیرۆریستییەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە و جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی مادەی چوارەمی ئەو یاسایەی پێشتر ئاماژەی پێکرا، کە دیاریکراوە بۆ سڕینەوەه ئەو قەرزانەی لە ئەستۆی شەهیدان و ئەو بریندارانەیە کە ڕێژەی کەمئەندامییان لە (75%) زیاترە و یاساکە دەیانگرێتەوە، بۆ بانکە حکومییەکان و سندوقی نیشتەجێبوون و سڕینەوەی (50%)ی قەرزەکانی حکومەت کە لە ئەستۆی برینداران و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتە و لە یاساکەدا باسکراون.
لە بواری ڕێکخستنەوەی گومرگی و چاکسازی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کرد ڕێگە بە وەزارەتی کارەبا بدرێت بەدەرکردنی کەرەستەی ناردن بە شێوازی بەڵێننامە و وەزارەتەکە بەرپرسیارێتی خەرجکردنی ڕسوماتی کارپێکراو لە ئەستۆ بگرێت، ئەمەش بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (24522 بۆ ساڵی 2024) کە تایبەتە بەو کەرەستانەی کە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و وێستگەکانی کارەبا، کاری چاککردنەوە و وەڵامدانەوەی فریاگوزاری، و چارەسەرکردنی لابردنی جەنجاڵی بەکاردەهێنرێن، بە مەرجێک هەناردەکار بە پێدانی باج پابەند نەبێت، هەروەها لێخۆشبوونی بارکردنەکانی پەیوەست بە گرێبەستی قەرزی دەرەکی بەردەوام و گرێبەستی وەبەرهێنان کە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (167 ساڵی 2010)دەیانگرێتەوە، بەو پێیەی ئەمانە بە پڕۆژەی گەشەپێدان دادەنرێت و بەردەوام دەبێت تا یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2026 پەسەند دەکرێت.
لە کەرتی ئاودێری و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەردەوامبوونی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان لەسەر ئەو ڕێکارە گرێبەستانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکرا بۆ چارەسەرکردنی کەمی ئاو لە ئێستادا، کە بریتییە لە ڕاسپاردنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی وەزارەت بۆ دابینکردنی (119) پەمپی کارەبایی ئاسۆیی، بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (422 بۆ ساڵی 2025) هەروەها دەرکردنی بانگهێشتی ڕاستەوخۆ بۆ خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری ئەندازیاری بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ بەنداوی موسڵ، لەنێویاندا بەنداوی بادوش لە پارێزگای نەینەوا و دابینکردنی هەشت ئامێری هەڵکەندنی گازۆیل و حەفارەی پڕکردنی کارەبایی لەگەڵ پارچەی یەدەگ، بۆ پڕۆژەی بەنداوی موسڵ.
لە بواری ئاوەدانکردنەوە و چارەسەرکردنی زیانەکانی لافاو کە بەر ڕێگا سەرەکییەکان کەوت، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گۆڕینی پردی دەروازەی دووز خورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە کە بەهۆی لافاوەوە زیانی پێگەیشتووە، لە چوارچێوەی پێکهاتەکانی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ڕێگاوبان و پردەکان/قۆناغی سێیەم، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان دا لە ڕێگەی بانگهێشتی ڕاستەوخۆوە پڕۆژەکە ڕەوانە بکات.
ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گواستنەوەی خاوەندارێتی موڵکێک بۆ فیدراسیۆنی بەڵێندەرانی عێراق، بە جێگرتنەوەی موڵکەکەی ئێستای، بەگوێرەی ئەو ڕێکارانەی لە یاسادا دیاریکراوە، بۆ ئەوەی ببێتە بارەگای هەمیشەیی فیدراسیۆنەکە.
