ئەنجوومەنی ئاسایش سزاکانی لەسەر ئەحمەد شەرع هەڵگرت
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا سزاکانی سەر ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی دووشەممە، شەرع سەردانی واشنتن بکات و لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبێتەوە.
بڕیارنامەکە، کە لە لایەن ئەمریکاوە پێشكێش کرابوو، دەڵێت: "ئەنجوومەن بڕیاریدا کە ئەحمەد شەرع و ئەنەس حەسەن خەتاب [وەزیری ناوخۆی سووریا] لە لیستی سزاکانی داعش و قاعیدە دەربێنێت."
لە کۆی 15 وڵاتی ئەندام، 14 وڵات دەنگیان بە بڕیارنامەکە دا. چین نە بە بەڵی و نە بە نەخێر، دەنگی نەدا.
هەڵگرتنی سزاکانی سەر شەرع بە فەرمی، زیاتر هەنگاوێکی هێماییە (سیمبۆلیکە)، چونکە هەر جارێک پێویستی بە گەشتکردن بووبێت بۆ دەرەوەی سووریا، لە رۆڵی خۆیدا وەک سەرۆکی وڵاتەکە، سزاکان بە شێوەیەکی کاتی هەڵگیراون. سڕکردنی سامان و گەمارۆی چەکیش هەڵدەگیرێن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی 10ی تشرینی دووەم میوانداریی سەرۆکی سووریا دەکات بۆ گفتوگۆ، دوای ئەوەی رایگەیاندبوو، جیهادییەکەی پێشوو "پێشکەوتنی باشی" بەخۆیەوە بینیوە بەرەو چەسپاندنی ئاشتی لە وڵاتەکەیدا کە بەهۆی جەنگی نێوخۆیی زیانی گەورەی بەرکەوتبوو.
