ئەو تۆمەتبارانەی دەستدرێژییان كردووەتە سەر ئەفسەرێكی هاتووچۆ سزا دران
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختیکردەوە کە سزای دوو ساڵ زیندانیكردن بەسەر دوو تۆمەتباری دەستدرێژیكردنە سەر پۆلیسێكی هاتووچۆ لە مانگی ڕابردوودا سەپێندرا.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: دادگای تاوانەكانی مەحمودییە سەر بە دادگای تێهەڵچوونەوەی كەرخی بەغدا، سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ دوو تۆمەتبار دەركرد كە لە 2ی ئەیلولی 2025دا دەستدرێژییان كردە سەر پۆلیسێكی هاتووچۆ، دوای تەواوكردنی لێكۆڵینەوەی یاسایی و ڕێكاری یاسایی و دامەزراندنی بەڵگە لەسەریان.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، وەزارەتی ناوخۆ ستایشی ئەو ڕۆڵە بەرچاوەی دەسەڵاتی دادوەری عێراقی كردووە لە پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی دەزگا ئەمنییەكان و پاراستنی شكۆیان لە ڕێگەی ڕێكاری یاسایی ڕێگریكردن لە بەرامبەر هەر كەسێك كە هێرش بكاتە سەر كارمەندانی ئەمنی لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركەكانیان.
وەزارەتەكە، پێزانینی بەرزی خۆی بۆ دەسەڵاتی دادوەری دەربڕی، كە پاڵپشتێكی ڕاستەقینەی دەزگا ئەمنییەكان بووە و بەردەوامە و هاوبەشێكی سەرەكییە لە دامەزراندنی سەروەری یاسا و پاراستنی كەرامەتی كارمەندەكانی.
ئاماژەی بەوەشكرد: دادگا پەیوەندیدارەكان لەماوەی ئەمساڵدا (74) بڕیاری دادوەرییان دەركردووە دژی ئەو تۆمەتبارانەی كە بەشداربوون لە هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان لە پارێزگا جیاوازەكاندا. ئەم بڕیارانە لە سزای لەسێدارەدان، زیندانیكردن، زیندانیكردنی توند، زیندانیكردنی سادە و بڕیاری دیكەوە دەستیپێكردووە، بەپێی قورسایی تاوانەكانی ئەنجامدراو.
وەزارەتەكە دووپاتیكردەوە: شكۆی كارمەندانی ئەمنی بەشێكە لە شكۆمەندی دەوڵەت، و داواشی لە هەموو هاووڵاتییان كرد دوور بگرن لە هەر ڕەفتارێك یان سەرپێچییەك كە كاریگەری لەسەر كارمەندانی ئەمنی یان ڕێگری لە جێبەجێكردنی ئەركەكەیان بكات، لە هەمان كاتدا جەختی لەوە كردەوە: وەزارەت نەرمی نانوێنێت لە جێبەجێكردنی یاسا بەرامبەر هەر كەسێك كە هەوڵی سوكایەتیكردن بە ئەندامەكانی بكات یان هەراسانیان بكات لەكاتی ئەركدا.
