ئەپیكور داوای نوسراوی رەسمی دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم
وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان-ئەپیكور رایگەیاند، گەرەنتی شایستە داراییەكانیان بكرێت و نوسراوی رەسمییان لەبارەی رێككەوتنی نێوان بەغداو هەرێم پێ بگات، دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم دەكەنەوە.
مایڵز کاگینز، وتەبێژى کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان-ئەپیکور، ئەمڕۆ هەینی بە میدیای یەكێتی وت، بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت چاوەڕوانن نوسراوى فەرمیى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدادیان بەدەست بگات.
مایڵز کاگینز، وتیشی"داواکارییەکانمان نەگۆڕدراون، گەرەنتیی شایستە داراییەکان لەگەڵ بەدەستگەیشتنى نوسراوی فەرمی، ئەوە تاکە رێگەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت".
پێشتر ئەپیکور، جەختیکردەوە بە مەرجى گەرەنتىكردنی شایستە داراییەکانیان لە داهاتودا و دانەوەى قەرزەکانیان کە لەلاى حکومەتى هەرێمى کوردستانەو بڕەکەى یەک ملیار دۆلارە، کە تێچوى بەرهەمهێنانى نەوتە لە مانگى تشرینى یەکەمى 2022 تاوەکو ئازارى 2023، نەوت هەناردە دەكەنەوە.
