بارزانى: كۆبانێ ناوچهیهكی كوردییهو نابێت دهستی بۆ ببرێت ئهمهش رێككهوتنی لهسهر كراوه
مهسعود بارزانی، سهرۆكی پارتی لهبارهی پشتیوانییان بۆ رۆژئاوای كوردستان رایگهیاند، من هیچ کاتێک بڕوام بە شەڕ نەبووە، بەڵام بگاتە سەر ئەوەی تەعەدا لە کورد بکرێت، ئەوکاتە ئێمە ئامادەین بۆ هەمو شتێک. لهبارهی گهمارۆدانی كۆبانێش وتی، كۆبانێ ناوچهیهكی كوردییهو نابێت دهستی بۆ ببرێت، ئهمهش رێككهوتنی لهسهر كراوه.
مهسعود بارزانی، سهرۆكی پارتی، ئهمڕۆ ههینی، له نوێنهرایهتی حكومهتی ههرێم له ئیتاڵیا، له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامهنوسان وتی، قەداسەتی پاپا و وەزیری دەرەوە و بەرگریی ئیتاڵیا زۆر لەگەڵ کورد هاوسۆزن، قەداسەتی پاپا بەپەرۆش بو بۆ دۆخی کوردستان و بەڵێنی دا کە هاتە عێراق، بێتە کوردستانیش.
وتیشی، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئیتاڵیا جەجتیان لەوە کردەوە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی کردنی کوردستان و پێشمەرگە، هەروەها ئەوەی پێیان بکرێت لەگەڵ دۆستەکانیان لە ئەوروپا و ئەمریکا، هەوڵ بدەن پشتیوانی لە گەلی کوردستان بکەن بەتایبەت لەودۆخە ئاڵۆزەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.
مهسعود بارزانی لهبارهی ئاڵۆزییهكانی رۆژئاوای كوردستان و هێرشی گروپه چهكدارهكان وتی، دروستبونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان وردەکاری زۆرە، بەڵام ناکرێت هەمو وردەکارییەکان باس بکەین.
وتیشی، هەر کە شەڕ لە حەلەب دەستیپێکرد، من پەیامێکم بۆ ئەحمەد شەرع ، سەرۆکی ئێستای سوریا نارد لەڕێگەی دۆستێکی عەرەب کە دۆستێکی ئەوانە و ناسیاویانە و پێم وت کە شەڕی نێوان دو هێزی سیاسی دەبێت چارەسەر بکرێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک قابیلی قەبوڵ نییە تەعەدا لە کورد بکرێت، لەبەرئەوەی ئەم پرسە دەرهاوێشتەی زۆر مەترسیداری دەبێت و پێویستە وریا بن.
ئهوهشی خستهڕو، بۆیە ئەحمەد شەرع داوای کرد کە بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵ بکات، منیش بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کرد و دوپاتی کردەوە کە ئەمە نابێت و پرسێکی مەحاڵە و ڕێگە بەو شەڕە نادەن، دوای ئەو تۆم باراک تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی: پێم خۆشە بێمە هەولێر و مەزڵوم عەبدیش لەگەڵ من بێت، منیش وتم، بەسەرچاو، بۆیە ئەوان هاتن.
هێمای بۆ ئهوهش كرد، ئێمە لە کۆبونەوەدا بوین کە پەیام دوای پەیام دەهاتن و ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد شەڕ دەستیپێکردوەتەوە.
بهقسهی بارزانی "شەڕەکە، هێزە عەشایرە عەرەبییەکان بون کە لەگەڵ بەشار ئەسەد بون، دواتر کە داعش هات، چونە پاڵ داعش، کە داعش نەما، پەیوەندییان بە هەسەدەوە کرد، ئێستا کە هێزی سوپای سوریا هاتون، جارێکی دیکە وەلائی خۆیان گۆڕی، ناوچەکەیان ڕادەستی دیمەشق کردەوە، شەڕەکە بەوشێوەیە بوه."
سهرۆكی پارتی وتیشی، من لەمێژە بە مەزڵوم عهبدی و برادەرانی دیکەشم وتوە، چارەسەرێک بدۆزنەوە، ئەو ناوچە عەرەبییانە ڕەنگە ببنە کێشە بۆتان.
سەبارەت بە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش کە ئێستا مەترسی هێرشکردنە سەریان لەسەرە بۆ ئەوەی داگیر بکرێن، مهسعود بارزانی وتی، ئێستا ئەو ناوچە کوردییانەی کە بەدەستەوە ماوە، هەمو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئەو ناوچانە بمێننەوە و پارێزراو بن، مافی خەڵکی ئێمە لەوێ بە هەر شێوەیەک بێت، پارێزراو بێت بەوشێوەیەی کە خۆیان رێککەوتنی لەسەر دەکەن.
مهسعود بارزانی وتی، دوێنێ کۆبونەوەیەکی دیکە لەنێوان مەزڵوم عەبدی و تۆم باراک و فەرماندەی سێنتکۆم لە هەولێر بەڕێوەچوە، لەسەر ئاگربەست ڕێکەوتون، هەندێک هەنگاوی باش نراوە، ئومێدەوارم ئەو ئاگربەستە درێژه بکێشێت و بگەنە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندی هەمو لایەکدا بێت، چونکە شەڕ لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە، هاوکات کردار شەرتە، قسە و خۆدەرخستن و موزایەدات پێویست ناکات.
مهسعود بارزانی دوپاتیكردهوه كه مەترسی داعش یەکجار زۆرە و داعش تەواو نەبوە، ئەو دۆخەی لە سوریا دروستبوە ئێستا، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ داعش دروستکردوە.
وتیشی، هێشتا زانیاری ورد نییە چەند لەو داعشانە ڕایان کردوە، بەڵام زانیاری هەیە و دەزانین ژمارەیەکی زۆر ڕایان کردوە، بۆیە ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە.
ئاماژهی بهوهشداوه، رێککەوتنێک لەنێوان ئەمریکییەکان و عێراق کراوە، بۆ ئەوەی ئەو داعشانەی لە سوریا ماون، ڕەوانەی عێراق بکرێن و لەوێ زیندانی بکرێن، وتیشی ئەگەر ئەمە بکرێت باشە، بەڵام هیچ زانیارییەک نییە چۆن دەبێت.
سهرۆكی پارتی لهبارهی دۆخی رۆژئاوای كوردستان وتی، "دڵ و دەرونمان لەگەڵ خوشک و براکانمانە لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئەمە میانگیری نییە، من هیچ کاتێک بڕوام بە شەڕ نەبوە، حەزیشم بە شەڕ نەبوە، بەڵام بگاتە سەر ئەوەی تەعەدا لە کورد بکرێت، ئەوکاتە ئێمە ئامادەین بۆ هەمو شتێک، ئێمە نامانەوێت بگاتە ئەوە، تاکو مومکین بێت بەزمانی لێکتێگەیشتن و بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، دەبێت بەم شێوازە بێت، بەڵام ئەگەر بەرنامەیەک هەبو بۆ ئەوەی تەعەدا لە کورد بکرێت و کورد لە ناوچەکە نەمێنێت، ئەو وەختە ئێمە هەمو یەکین."
سەبارەت بە گەمارۆدانی کۆبانێ، مهسعود بارزانی وتی: "هەرچیم پێ بکرێت بۆ کۆبانێ، دەیکەم، ئەگەر دەرفەت هەبا وەکو ساڵی 2014، ئێستا هێزم دەنارد بۆ کۆبانێ، بەڵام ئەو دەرفەتەی ئەوکاتە هەبو، ئێستا نییە، کۆبانێ لەچوارچێوەی ئەو ناوچانەیە کە ناوچەی کوردیین و نابێت دەستی لێ بدرێت، ئەمە ئەوەیە کە قسەی لەسەر کراوە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، ئێمە لەسەر ئەوە دەڕۆین."
