بارزانی سێ پێشنیاز بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار دەخاتەڕوو
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسعود بارزانی، پەیامێکی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوکردەوە.
بارزانی بە پێویستی دەزانێت "هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت، ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆك كۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت."
مەسعود بارزانی سێ پێشنیاز بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار دەخاتەڕوو: "یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانیەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێكبكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن."
بارزانی دووپاتی کردووەتەوە "مەرجیش نییە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێت لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق."
