بارزانی لە یادی ئەنفالی بارزانیەکاندا: تاوهكو عەقلیەتی شۆڤینی ههبێت عێراق هیچ كات ناحەسێتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگهیاند، ئەو عەقلیەتەی لەپشتەوەی ئەو تاوانە و تاوانەكانی تر بو عەقلیەتی شۆڤینی و نكۆڵیكاری بو كە بۆ هەمو عێراق بوە سەرچاوەی نەهامەتی و دواكەوتن، بە داخەوە هێشتا هەندێك كەس هەن كە عیبرەتیان لە مێژو وەرنەگرتوە و هەر بەو عەقلیەتە سیاسەت دەكەن، "دەبێت هەمو لایەك بزانن هەتا ئەو عەقلیەتە مابێت، عێراق هیچ كات ناحەسێتەوە".
مهسعود بارزانی له یادی 42 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان، ڕایگهیاند، "لە درێژایی ساڵدا كەم ڕۆژ هەن یادی كارەسات و تاوان و زوڵمێك نەبێ كە لە لایەن حكومەتەكانی عێراق دەرهەق گەلی كوردستان نەكرابێت، 42 ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ ڕژێمی پێشوی عێراق هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ ساڵ هەتا پیرەمێردی نەوەد ساڵان بەزۆر ڕاپێچی بیابانەكانی باشوری عێراقی كردن و لەوێ دڕندانە كۆمەڵكوژیكردن".
ئاماژهی بهوهشكردوه، ئەو تاوانە بەشێك لەو تاوانانە بو كە بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتوە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە و دەڤەرەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆری هاوڵاتیانی كورد.
مهسعود بارزانی دهڵێت، "ئەو عەقلیەتەی لەپشتەوەی ئەو تاوانە و تاوانەكانی تر بو عەقلیەتی شۆڤینی و نكۆڵیكاری بو كە بۆ هەمو عێراق بوە سەرچاوەی نەهامەتی و دواكەوتن، بە داخەوە هێشتا هەندێك كەس هەن كە عیبرەتیان لە مێژوو وەرنەگرتووە و هەر بەو عەقلیەتە سیاسەت دەكەن. دەبێ هەموو لایەك بزانن هەتا ئەو عەقلیەتە مابێت، عێراق هیچ كات ناحەسێتەوە".
