بارزانی و باراک پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان لەبارەی دۆخی شاری حەلەبی سوریاوە ئەنجامدا
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و تۆم باراك نێردەی، تایبەتی سەرۆك ترەمپ بۆ كاروباری سوریا و باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان لەبارەی دۆخی شاری حەلەبی سوریاوە ئەنجامدا و جەختیان لەوەكردەوە كە پێویستە هەمو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان نەمێنن و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە. ئەوەش دوای پەیوەندیدیەكی هاوشێوە هات لە نێوان بارزانی و ئەحمەد شەرع لە ئێوارەی ئەمڕۆدا.
بارەگای بارزانی ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە نێوان مەسعود بارزانی و تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سوریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجامدرا كە بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە، سوریا، دواین پەرەسەندن و گرژییەكانی سوریا و شاری حەلەب ئاڵوگۆڕ كرا.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا هەردولا جەختیان لەوەكردەوە كە پێویستە هەمو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان نەمێنن و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە و هەنگاوی جددیش بۆ بەدیهاتنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی بنرێت.
