بارزانی پیرۆزبایی لە دەستەی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمانی عێراق دەکات و هیوای بەدیهێنانی بەرژەوەندی هاووڵاتیان دەخوازێت
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی پیرۆزبایی هەڵبژاردنی دەستەی نوێ سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی كرد و هیوای خواست هەڵبژاردنیان هەنگاوێک بێت لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهاتنی برایەتیی و تەبایی. وتیشی، "بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و پارتی وای دەخواست کە د. شاخەوان لە پڕۆسەی خۆپاڵاوتن بکشێنێتەوە".
مەسعود بارزانی، ئەمشەو لە پەیامێكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، پیرۆزبایی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەڕێزان هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و عەدنان فەیحان جێگری یەکەم و فەرهاد ئەتروشی جێگری دوەمی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
ئاماژەی بەوەشكرد، هیوادارم هەڵبژاردنی دەستەی تازەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاوێک بێت لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهاتنی برایەتیی و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق.
لەبارەی كشانەوە شاخەوان عەبدوڵا، مەسعود بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكی دیكەدا دەڵێت، "پێزانینێكی زۆرم بۆ د. شاخەوان عەبدوڵا هەیە لە ماوەی ڕابردو لە كاری پەرلەمانی و حزبیی خۆیدا ڕۆڵێكی كارا و ماندوبوونێكی زۆری بینیوە. هەمیشە بە باشی پابەندی ڕێكارەكان و دیسپلینی حزبی بوە و جێگەی متمانە بوە".
دەشڵێت، "بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و پارتی وای دەخواست کە د. شاخەوان لە پڕۆسەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی بکشێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەش لەوە دڵنیام د. شاخەوان ڕۆڵەیەكی ئازا و شایستەی ئەو میللەتەیە، لە هەر شوێنێك و هەر پلەیەكدا بێت، كوڕی پارتیە و ئەرك و كاری خۆی بە باشترین شێوە جێبەجێ دەكات و جێی متمانەی ئێمەیە".
