بارەگای بارزانی رونکردنەوەیەک لەبارەی وتەکانی ئەیاد عەلاوی دەدات
بارەگای مەسعود بارزانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە تۆمەتەکانی ئەیاد عەلاوی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق و ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی ویفاقی نیشتیمانی لەبارەی کردنەوەی لقی حیزبی بەعس لە هەرێمی کوردستان.
بارەگای بارزانی لە ڕونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، "دەرگای کوردستان و هەولێر کراوەیە بۆ هەمو هاوڵاتییەکی عێراقی کە بە ئازادییەوە تێدا بژیێت، بەڵام ئەوەی ئەیاد عەلاوی باسیکردوە دورە لە ڕاستیەوە و جێگەی پرسیارە".
ئەیاد عەلاوی، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق و ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی ویفاقی نیشتیمانی لەکاتی راگەیاندنی هاوپەیمانییەتێکی سیاسی بۆ هەڵبژاردن وتارێکی پێشکەش کرد و لە بەشێكی وتارەكەیدا وتی، "قەناعەتەکان گۆڕاون، تازە زانیومە كە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رێگای داوە لقی حزبی بەعس لە کوردستان بکرێتەوە".
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەکرد" لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەیەکی سیاسیدا، بەڕێز ئەیاد عەلاوی هەندێ قسەی لەبارەی کردنەوەی لقی حزبی بەعس لە کوردستان خستوەتەڕو".
وتیشی، "جەخت دەکەینەوە دەرگای کوردستان و هەولێر کراوەیە بۆ هەمو هاوڵاتییەکی عێراقی کە بە ئازادییەوە تێدا بژیت، بەڵام ئەوەی بەڕێز ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردوە دورە لە ڕاستیەوە".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە،"ئەو جۆرە قسانە جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆر و جێگەی پرسیارن، کە بۆ ئەم قسانەی کردوە لە كاتێكدا كە ڕاست نین".
