بافڵ تاڵەبانی: جینۆسایدی ئێزیدییەکان تاوانێكی لەبیرنەكراو و ئازارێكی گەورەیە لەدڵی هەمووماندایە
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، جینۆسایدكردنی خوشک و برایانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، تاوانێكی لەبیرنەكراو و ئازارێكی گەورەیە لەدڵی هەمووماندا. ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەكی قووڵەوە یادی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی ئازیزانمان دەكەینەوە كە لەزێدی خۆیان بەتەنیا بەجێهێڵران.
سەرۆکی یەکێتیی هەروەها نوسیویەتی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەپەرۆشەوە هەوڵ بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئێزدییەكان بۆ زێدی رەسەنی خۆیان دەدات، هەروەها جەخت لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان دەكاتەوە بۆ گەڕان بەدوای ئەوانەی تاوەكو ئێستا چارەنووسیان نادیارە و دەیەوێت دوور لە درووشم و تێكەڵكردنی ژیانی ئێزدییان بە ململانێ سیاسییەكان، كار بۆ پاراستنی مافەكانیان بكات و پارێزەری راستەقینەی ئەو پێكهاتە گرنگەی كوردستان بێت كە بەشێكی گرنگی فرەڕەنگیی كوردستان پێكدەهێنن و مێژوویەكی درێژیان لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و خەبات لەپێناو خاكەكەمان تۆماركردووە.
شایەنی باسکردنە...
ئەمڕۆ شەممە ساڵیادی کارەساتی شەنگال دەکرێتەوە، بە یەکێک لە قێزەونترین تاوانی کۆمەڵکوژی دژ بە مرۆڤایەتی لە سەردەمی مۆدێرندا دادەنرێت، کە لە 3ـی ئابی 2014، گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هێرشیان کردەسەر ناوچەکانی شەنگال و بە دڕندەیی تاوانیان بەرامبەر بە هاوڵاتیانی کوردی ئێزدی ئەنجامدا کە ئەم کۆمەڵکوژیە بە جینۆسایدی ئێزیدییەکان دەناسرێتەوە کە هەموو ساڵ لە 3ـی ئاب یادی ئەم کۆمەڵکوژیە دەکرێتەوە.
