بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریکرد لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
نوسینگەی رۆژنامەوانی بافڵ تاڵەبانی بڵاویکردۆتەوە: "بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریکرد لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن 2024، لە کۆنفرانسەکەدا توانی راستەوخۆ پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بگەیەنێتە هاوڕێ و هاوپەیمانان لە جیهاندا".
لە ماوەی کۆنفرانسەکەدا، بافڵ تاڵەبانی چەندین کۆبوونەوەی بەشێوەی تایبەت و فەرمی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتەکان، دیپلۆماتکاران، سیاسییەکان و شارەزا سەربازییەکاندا کرد تاوەکو بارودۆخی جدیی عیراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بگەیەنێتە سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی جیهان.
هاتووەش، سەرۆک بافڵ جەختی لەو راستییە کردەوە، شەڕ دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کۆتایینەهاتووە و تیشکی خستەسەر ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی کە بەهۆی ململانێ هەرێمییەکانەوە بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە.
هەروەها پێویستیی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق روونکردەوە و رایگەیاند، مانەوەی هێزەکان دەبێت بەشێوازێک بێت کە لەگەڵ خواست، پێویستییەکانی ئاشتی و سەقامگیریی ئەمڕۆی ناوچەکەدا بگونجێت.
