بافڵ تاڵەبانی و عەممار حەکیم چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە سلێمانی پێشوازیی لە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد.
لەدیدارێکدا بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی، یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسی دووپاتكرانەوە.
هەر لە دیدارەکەدا هەردوولا پەرۆشبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، رێککەوتنە سیاسییەکان و بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکتێگەشتنەکان لەنێوان لایەنە بەشداربووەکانی پێکهێنانی حکومەت بۆ دۆزینەوەی دەرچەی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرخستنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی حکومەت و پشتگیریکردن لە دامەزراوە دەستوورییەکان.
دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا تەوەرێکیتری دیدارەکە بوون و جەخت لە دوورخستنەوەی وڵات لە ئاڵۆزییەكان کرایەوە بەشێوەیەک هەموولایەنەکان یەک گوتاری هاوبەشیان هەبێت لەپێناو پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
بافڵ تاڵەبانی بۆ تەواوی پرسەکان هەڵویستی یەکێتی خستەڕوو و رایگەیاند، هەموو هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، دادپەروەر و دەربەست بە خەمی خەڵکەوە، لە هەنگاوەكانیشمان بۆ دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستانە لە ململانێ سیاسییەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمیشەیی لەچوارچێوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەردەوامین.
