بافڵ تاڵەبانی و فایەق زێدان لە بەغدا کۆبونەوە
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق لە بەغدا کۆبونەوە و جەختی لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پشتگیریکردن لە دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی دادگاکان کرایەوە و بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، یەکێتی پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی دەستور دەکات و فایەق زێدان بەردەوام بە تەواوی توانایەوە پارێزەری دەستوور و یاسا و دەسەڵاتەکان بووە.
نوسینگەی ڕاگەیەیاندنی بافڵ تاڵەبانی ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بافڵ تاڵەبانی و فایەق زێدان لە بەغدا کۆبونەوە و لە کۆبونەوەکەدا نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەبون، جەخت لە بەردەوامی لێکتێگەیشتنی سەرجەم لایەنەکان کرایەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی ئامانجە باڵاکان.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە کۆبونەوەکەدا پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پشتگیریکردن لە دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی دادگاکان جەختی لەسەر کرایەوە، بەشێوەیەک دەستور و یاساکان ببنە بنەمای چارەسەری کێشەکان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەمیانەی كۆبونەوەكەدا رایگەیاند، یەکێتی پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی دەستور دەکات و پاراستنیشی بە ئەرکی تەواوی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەزانێت، چونکە ئەوە فاکتەری سەقامگیریی سیاسییە بۆ تەواوی پێکهاتەکانی عیراق.
هەروەها بافڵ تاڵەبانی پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ دەسەڵاتی دادوەری دەربڕی و وتی، "بەڕێز فایەق زێدان بەردەوام بە تەواوی توانایەوە پارێزەری دەستور و یاسا و دەسەڵاتەکان بوە".
