بافڵ تاڵەبانی پشتگیری گۆڕانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگای نەینەوا دەکات
لە راگەیەندراوێکی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی هاتووە، بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا وێڕای دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە بۆ هەڵبژاردنی رێگە یاسایی و دروستەكە بۆ گۆڕانكارییە ئیدارییەكان، راشیگەیاند، پاراستنی مافی لایەنە براوەكان لە پارێزگاكە هەنگاوێكی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی پارێزگاریكردن لەو فرەڕەنگییەی لە نەینەوا هەیە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووشە، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشكرد، پێكهاتەی نوێی ئەنجوومەنەكە نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵك دەكات و رەنگدانەوەی خواستی دانیشتووانەكەیەتی، ئەو لێكتێگەیشتن و هەماهەنگییەی نێوان لایەنەكانیش كە بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاكە دروستبووە مایەی خۆشحاڵییە و پشتیوانیی لێدەكەین.
بەپێی راگەیاندنەکە لەدیدارەکەدا هەماهەنگیی نێوان سەرجەم لایەنەكان و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوەكرا، جەخت لە هاریكاریی زیاتر و كاری هاوبەشی هەموولایەك كرایەوە لەچوارچێوەی بەدیهێنانی داهاتوویەكی سەقامگیرتر و دووركەوتنەوە لەهەموو دەمارگیرییەك كە زیان بە دۆخی پارێزگاكە بگەیەنێت.
شایەنی باسکردنە...
ڕۆژی سێشەممە 2ـی تەمموزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا كۆبووەوە و قایمەقامی شەنگال و 13 بەرپرسی ئیداری دیكەی سنووری پارێزگای نەینەوا هەڵبژارد و بەرپرسە ئیدارەیەکانی ئەو شارانەی سەر بە نەینەوا گۆڕان.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سێشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، سەیدۆ خەیری ئەحمەد بە کۆی دەنگی ئەندامان وەک قایمەقامی قەزای شەنگال هەڵبژێردرا، هەروەها سەردار حەمەد لە یەکێتیی بۆ قایمەقامیەتی مەخموور، دائوود شێخ جوندی وەک بەڕێوبەری ناحیەی سنونێ لە ڕۆژئاوی پارێزگای نەینەوا و یاسر شێخ عەساف لە یەکێتیی وەک بەڕێوبەری ناحیەی وانکێ لە ئیدارەی شەنگال لە ڕۆژئاوای نەینەوا، سامر یوسف قایمەقامی قەزای حەمدانیە، خەلیل هابش بە قایمەقامی تەلەعفەر، ڕەعد ناسر بە قایمەقامی تلکێف و عەلی ساڵح مازی بە قایمەقامی حەزەر، هەروەها غالب عەلی بە بەڕێوەبەری ناحیەی قەراج، فەلاح قەنبەر، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتڵە، عوبەید خەلیل ئەحمەد بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار، هەروەها عەلی مەحەممەد جدەیەع بە بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە و ئوسامە شاهر بە بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە.
لە کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی بەرپرسی ئیدارەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا، ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و نەینەوا لاهلها بەشدار نەبوون و دوای گۆڕینەوەی بەرپرسە ئیدارەیەکان و قایمەقامەکان، ڕەیان کلدانی سەرۆکی جوڵانەوەی بابیلۆن بەزمانی کوردی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا گووت "لۆ مارێ"، وەک نیشانەی سەرکەوتن دژی پارتی دیموکراتی کوردستان.
