بافڵ جەلال تاڵەبانی : پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە بە هەنگاوێكی مێژوویە
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە بە هەنگاوێكی مێژوویی بۆ دەستپێكدرنی قۆناغێكی نوێ لە باكووری كوردستان، وتیشی: شانازیی دەكەین بەوەی كە ئەو بناغە ئاشتییەی یەكەمجار سەرۆك مام جەلال دایڕشت، ئەمڕۆ جێبەجێ دەكرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ هەینی، بڵاویكردەوە، هیوای خواستووە ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنەكان و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پتەوكردنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان هەبێت.
ئەمەش دەقی پەیامەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانیە:
چەكدانانی ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی هەنگاوێكی مێژووییە، بۆ دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لە باكووری كوردستان و توركیا لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باوەڕی تەواوی بەوە هەیە كە خوێنڕشتن كێشەكان قوڵتر دەكاتەوە و ئێستا سەردەمی بێدەنگكردنی چەكەكان و چوونە سەر مێزی گفتوگۆیە بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی هەموو لایەك.
ئێمە لە كاتێكدا لە هەوڵەكانمان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام دەبین، شانازیش دەكەین بەوەی كە ئەو بناغە ئاشتییەی یەكەمجار سەرۆك مام جەلال دایڕشت ئەمڕۆ جێبەجێ دەكرێت.
هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنەكان و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پتەوكردنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان هەبێت.
