بانكى ناوەندی قەرزەکانی عێراق ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ شەممە، بانکی ناوەندی عێراقی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی وڵاتی ئاشکرا کرد ،اماژەی بەوەکرد لە ئێستادا نزیکەی 150 ملیار دۆلار قەرزارە.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکدا قەبارەی قەرزە زەبەلاحەکانی عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت”کورتهێنانی بودجە قەبارەیەکی زۆر گەورەی هەیە و ناتوانرێت تەنها لە رێگەی قەرزکردنەوە پڕبکرێتەوە”.
لە وەڵامی پرسیارێکی فەرمی پەرلەماندا، بانکی ناوەندیی عێراق (CBI) زانیاریی وردی لەسەر قەرزەکانی وڵات خستە ڕوو، کە قەبارەیەکی گەورەی کورتهێنانی دارایی لە بەردەم حکومەتدا دەردەخات.
بەپێی زانیارییەکانی بانکی ناوەندی، کۆی گشتی قەرزەکانی عێراق ژمارەیەکی مەترسیداری تۆمار کردووە، کە بریتتین لە قەرزی ناوخۆیی ئەم قەرزە لە دابینکردنی پارە بۆ حکومەت لەناوخۆی وڵات کۆدەبێتەوە، کە گەیشتووەتە نزیکەی (91) تریلیۆن دینار، کە بەشێکی زۆری دەکەوێتە سەر بانکی ناوەندی و بانکە بازرگانییە حکومییەکان.
کۆی قەرزی دەرەکی عێراق بۆ وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بڕەکەی گەیشتووەتە (54) ملیار دۆلاری ئەمریکی.
بانکی ناوەندی هۆشداری توندی لەبارەی بارودۆخی دارایی عێراقەوە دا، جەختی لەوە کردەوە کە کورتهێنانی بودجە قەبارەیەکی زۆر گەورەی هەیە و ناتوانرێت تەنها لە رێگەی قەرزکردنەوە پڕبکرێتەوە. ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە حکومەت پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی چاکسازی ریشەیی و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات هەیە.
سەبارەت بە سەرمایەی عێراق لە دەرەوە، بانکی ناوەندی ئاشکرای کرد کە بەهای سەنەداتی حکومەتی عێراق کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵگیراون، بریتییە لە 11 ملیار دۆلار. ئەم سەنەداتانە بەشێکن لە یەدەگی دارایی عێراق و وەک گەرەنتییەک بۆ سەقامگیریی دراو و مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکان بەکاردەهێنرێن.
