بانكی رافیدەین لە واشنتۆن رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی ئیمزاكرد
بانكی رافیدەینی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، رێككەوتنێكی هاوبەشیی پیشەییان لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی لە بواری راوێژی دارایی و چاودێری لە واشنتۆن ئیمزاكردوە.
باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا لە زاری عەلی فەتلاوی، بەڕێوەبەری بانكی رافیدەینەوە، بڵاویكردۆتەوە، لە هەنگاوێكی ستراتیژیی نوێدا، لە بارەگای باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن، رێوڕەسمی ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی هاوبەشیی پیشەیی لەنێوان بانكی رافیدەین و كۆمپانیای K2 Integrityی ئەمریكی بەڕێوەچو.
بە قسەی عەلی فەتلاوی، كۆمپانیا ئەمریكییەكە، كۆمپانیایەكی پێشەنگی جیهانییە لە بواری راوێژیی دارایی و چاودێرییدا.
بەڕێوەبەری بانكی رافیدەین ئاماژەی بەوەداوە، رێككەوتنەكە پێشكەشكردنی پاكێجێكی تەواوی خزمەتگوزارییەكان لەخۆدەگرێت لە بواری نەهێشتنی سپیكردنەوەی پارە، پارەداركردنی تیرۆر، پەیڕەوكردنی ئەو سیستەمانەی كە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەكان دێنەوەو هەروەها بەهێزكردنی ژێرخانی چاودێریی بانكە عێراقییەكان.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەم هەماهەنگییە لەچوارچێوەی ستراتیژیی حكومەتی عێراقدا دێت بۆ بونیادنانی كەرتێكی دارایی بەهێز و شەفاف كە توانای هاوشانیكردنی گۆڕانكارییە ئابورییە جیهانییەكانی هەبێت لەگەڵ پتەوكردنی پێگەی عێراق وەك ناوەندێكی دارایی ئومێدبەخش لە ناوچەكە.
عەلی فەتلاوی پێی وایە ئەم شەراكەتە "بازدانێكی جۆرییە لە رێگەی چاكسازییە بانكییەكان" و دەبێتە مایەی "بەهێزكردنی متمانە بە بانكە عێراقییەكان و كردنەوەی ئاسۆیەكی فراوانتری هاریكاریی لەگەڵ بانكە نێودەوڵەتییەكان."
