بانکی ناوەندی: یەدەگی دراو 100 ملیار دۆلاری تێپەراندوە
بانكی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، پارەی نەختینە بە تەواوی بەردەستە بە دۆلار و دیناریش، هەروەها یەدەگی دراویش 100 ملیار دۆلاری تێپەراندوە و یەدەگی زێڕیش 163 تەنی تێپەڕاندوە بۆیە عێراق لەسەر ڕێگایەکی باشی ئابورییە.
محەمەد یونس، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاندوە، بانكەكە نەختینەی بەتەواوی لەبەردەستە، جا چ بە دیناری عێراقی بێت یان دۆلاری ئەمریکی، هیچ کەموکورتییەک لەو روەوە نیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەدەگی بانکی ناوەندی 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە، ئەوە جگە لە یەدەگێكی گەورەی زێڕی عێراق کە 163 تەنی تێپەڕاندوە.
محەمەد یونس باسی لەوەشکرد، بانکی ناوەندی قەوارەیەکی وەبەرهێنان نییە، بەڵکو بایەخ بە بەڕێوەبردنی یەدەگی دراوی بیانی دەدات لە عێراق و ئامانجی ئەو یەدەگانە قازانجکردن نییە، بەڵکو دەستەبەرکردنی داهاتی گونجاوە.
ئەوەشیخستەڕو، یەدەگەکان بەپێی سیاسەتی دیراسە بۆكراو بەڕێوەدەبرێن، لەسەر بنەمای ستانداردە بەرزەکانی سەلامەتی و وەبەرهێنانیان لە ئامرازە داراییە سەلامەتەکاندا دەکرێت کە داهاتێکی شیاو بەدەستدەهێنێت و، عێراق لەسەر ڕێگایەکی باشی ئابورییە.
