باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە منداڵێکی ڕفێندراو لەلایەن داعشەوە بۆ لای کەسوکارەکەی دەگەڕێنێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە، ڕایگەیاند کە منداڵێکی عێراقی کە لە ساڵی 2014ەوە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانی داعشەوە ڕفێندرابوو، دوای بەدواداچوونێک کە زیاتر لە دوو ساڵی خایاند، گەڕێنرایەوە بۆ لای کەسوکارەکەی.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرەوە گەیشتە ئاژانسی هەواڵی موتەڵع تیایدا، هاتووە: "هەوڵە بەردەوامەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە سەری گرت، دوای کارکردنێکی بەردەوام کە نزیکەی زیاتر لە دوو ساڵی خایاند، توانیان لە ڕێگەی بەدواداچوونی ورد و هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ لایەنە تورکییە تایبەتمەندەکان، منداڵە عێراقییە ڕفێندراوەکە، عەلی غازی محەمەد جەمیل، کە تەمەنی (12) ساڵە، بگەڕێننەوە و ڕادەستی کەسوکارەکەی بکەن."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "بنەچەی ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، کاتێک منداڵەکە عەلی غازی لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانی داعشەوە ڕفێندرا دوای کوشتنی دایک و باوکی، بۆیە بە یەکێک لە قوربانییانی تاوانە دڕندانەکانی ئەو گرووپانە دێتە ئەژمار کە دژ بە خێزانە عێراقییەکان ئەنجامیان دا، و دواتر لە ساڵی 2022دا لە تورکیا دۆزرایەوە، دوای چەندین ساڵ لە ونبوونی، و لە یەکێک لە خانەکانی چاودێری منداڵان لە ئەنقەرە دانرا، لەژێر سەرپەرشتی دەسەڵاتدارانی فەرمی تورکیا."
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە یەکەم ساتەوە کە زانیارییەکان گەیشتە باڵیۆزخانە، بەدواداچوونی وردی بۆ دۆسیەکە کرد، و دەستی بە ڕێکارەکانی هەماهەنگی ئەمنی و یاسایی کرد لەگەڵ لایەنە تورکییە تایبەتمەندەکان، کە بووە هۆی جێگیرکردنی ناسنامەی منداڵەکە و دەستپێکردنی زنجیرەیەک لە ڕێکارە پێویستەکان بۆ گەڕاندنەوەی."
ئاماژەی بەوەشکرد، "باڵیۆزخانە کاریکرد لەسەر ڕێکخستنی ڕێکارەکانی پشکنینی DNA کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەیدا، مامی فەیسەڵ محەمەد جەمیل، سەلماند، و بەدواداچوونی بۆ سەرجەم ڕێکارە دادوەری و لۆجستییەکان کرد تاوەکو ڕەزامەندی فەرمی بۆ ڕادەستکردنی دەرچوو، دوای دڵنیابوونەوە لە بەردەستبوونی ژینگەی گونجاو بۆ لەخۆگرتنی."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرا، "پێشوازی لە منداڵەکە عەلی غازی لە بارەگای باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە کرا لەلایەن یاسین ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی کاتی، کە لەوێ ڕێکارە قونسوڵییە پێویستەکان تەواو کران، لەوانەش دەرکردنی پاسپۆرتێکی کاتی بۆی، جگە لە حجزکردنی بلیتەکانی گەشت بۆ منداڵەکە و کەسوکارەکەی لەلایەن باڵیۆزخانەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕاندنەوەی بۆ نیشتمان، هەروەها دیارییەک بە ناوی باڵیۆزخانەوە پێشکەش کرا وەک دەربڕینێک لە پشتگیری مرۆیی و گرنگیدان بە چاودێریکردنی."
ڕاگەیەندراوەکە دووپاتی کردەوە کە "ئەم دەستکەوتە بەرهەمی هاوکارییەکی هاوبەشە لەنێوان لایەنە عێراقییە پەیوەندیدارەکاندا، لەوانەش وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە سەرپەرشتی دۆسیەکەی کرد لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە ئەنقەرە، و لێژنەی گەڕان بەدوای ڕفێندراوان سەر بە سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ڕزگاربووان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، جگە لە هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ کەسوکاری منداڵەکە لەناو عێراقدا."
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەدا کە "باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە سوپاس و پێزانینی قوڵ پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا دەکات بۆ هاوکاری و هەوڵە بەردەوامەکانیان کە بەشدارییان کرد لە دۆزینەوەی منداڵەکە و تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی بۆ لای کەسوکارەکەی."
باڵیۆزخانە - بەپێی ڕاگەیەندراوەکە - دووپاتی کردەوە کە "بەدواداچوونی دۆسییەکانی ڕفێندراوان و قوربانیانی تیرۆر لە دەرەوەی وڵات بە یەکێک لە پێشینەکانی کارەکانی دادەندرێت، و بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی ئەرکی مرۆیی و نیشتمانی خۆی بە پابەندبوون و بەرپرسیارێتی تەواوەوە."
