بزووتنەوەی نوجەبا: بەردەوام دەبین لە بەجێگەیاندنی ئامانجەکانمان و لەو شوێنانە وەڵامی ئەمریکا دەدەینەوە کە هەرگیز بیریان لێ نەکردبێتەوە
بزووتنەوەی نوجەبا دەڵێت، مقاوەمەی ئیسلامی لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی ئەمریکای "داگیرکەر" دەداتەوە و ئاماژە بۆ ئەو دەکەن کە لە توانایاندایە بگەنە قووڵایی ئامانجەکانی.
ئەمڕۆ شەممە، بزووتنەوەی نوجەبا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی نیوەشەوی رابردووی هێزەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە کە بۆ سەر ژمارەیەک پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سنوورەکانی عێراق و سووریا کردبووە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هێزەکانی ئەمریکای داگیرکەر دیسان زۆر بە راشکاوی و لە رۆژی رووناکدا سەروەریی عێراق و شکۆمەندییەکەی بە کردنە ئامانجی ژمارەیەک بارەگا و پێگەی سەربازی، پێشێلکرد. لە ئەنجامدا دەیان قارەمانی حەشدی شەعبی و هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوان شەهید بوون. هاوکات، داعش-ی دارودەستەی ئەمریکا پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی عێراقیدا. بەم کردەوانەی، ئیدارەی خراپەکاری ئەمریکا بۆ هەموو جیهانی سەلماند کە گەورەترین سپۆنسەری تیرۆر و تاوانەکانە لە جیهان و ئەم پێشێلکارییە یەکێکە لە پێشێلکارییە گەورەکان لە دژی سەروەریی عێراق."
بزووتنەوەی نوجەبا راشیگەیاند، "ئەمڕۆ رایدەگەیێنین کە بەردەوام دەبین لە بەجێگەیاندنی ئامانجەکانمان و لەو شوێنانە وەڵامیان دەدەینەوە کە هەرگیز بیریان لێ نەکردبێتەوە. مقاوەمەی ئیسلامی ئەمڕۆ لە توانایدایە بگاتە دوورترین خاڵ و قووڵایی ئامانجەکانی بپێکێت و بەپشتیوانیی خوا بەسەر دوژمن زاڵ بێت. با ئەمریکای داگیرکەر و ئیدارە شوومەکەی باش بزانێت مقاوەمەی ئیسلامی لە کات و شوێنی گونجاو کە خۆی بیەوێت وەڵامی هێرشەکانیان دەداتەوە، ئەمەش کۆتایی وێستگەکە نییە، بەپێچەوانەوە سوپرایزی زۆرمان هەیە کە دوژمن خەمبار و دۆست شاد دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "دەرەنجام بە سەرشۆڕی لە عێراق دەردەچن. بۆ ئەوەی هەموو گوێیە کەڕەکان گوێیان لێ بێت، دووپاتی دەکەینەوە هەرگیز لەگەڵ ئاگربەست نین و پاشگەز نابینەوە و ناڕوخێین. ئەگەر بەهێز بگەڕێنەوە، ئێمەش بەهەمان شێوە دەگەڕێینەوە."
