به‌هۆی خراپی كه‌شوهه‌وا سبه‌ی ده‌وامی فه‌رمی لەچوار پارێزگای عێراق ڕاده‌گیرێت
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه هه‌ریه‌ك له پارێزگاكانی دیوانیه، موسه‌ننا، زیقاڕ و بابل ڕایانگه‌یاند، به‌هۆی خراپی كه‌شوهه‌وا، سبه‌ی پێنجشه‌ممه ده‌وامی فه‌رمی ڕاده‌گیرێت.
پارێزگای دیوانیه له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا "به‌هۆی شه‌پۆلی بارانبارین و خراپی كه‌شوهه‌وا، ده‌وامی فه‌رمی بۆ سبه‌ی پێنجشه‌ممه ڕاگیراوه، جگه له به‌شه خزمه‌تگوزارییه‌كان كه ده‌وامیان له 50% ده‌بێت، فه‌رمانگه ته‌ندروستییه‌كانیش كه ده‌وامیان به‌سیستمی ئێشكگری ده‌بێت".
هاوكات، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسه‌ننا رایگه‌یاند، بڕیاردراوه به‌هۆی به‌رده‌وامی بارانبارین و خراپی كه‌شوهه‌وا، ده‌وامی فه‌رمی بۆ قوتابخانه و زانكۆكان ته‌نها بۆ سبه‌ی پێنجشه‌ممه ڕابگیرێت".
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای زیقاڕ بڕیاریدا "ده‌وامی فه‌رمی له قوتابخانه‌كاندا ته‌نها بۆ سبه‌ی پێنجشه‌ممه ڕابگیرێت، ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامی خراپی كه‌شوهه‌وای پارێزگاكه‌وه".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای بابل رایگه‌یاند، ده‌وامی فه‌رمی بۆ سبه‌ی پێنجشه‌ممه بۆ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كان جگه له داموده‌زگا ئه‌منی و خزمه‌تگوزاری ڕاده‌گیرێت، به‌هۆی به‌رده‌وامی بارانبارین.
