بڕیاری لێخۆشبوون لە 15%ى قەرزی كرێی ئاو كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە
وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، 15% داشکاندن بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانە دەکەن پارەی ئاو قەرزدارن.
ئەمڕۆ دووشەممە 11-12-2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بە رەچاوكردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێخۆشبوون و داشكاندنی رێژەی 15% لە دانەوەی قەرزی هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستان جێبهجێ دهكرێت".
وەزارەتەکە لە نووسراوێکدا بڕیارەکەی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان کردووە و داوای کردووە، پاڵپشت بە رەزامەندی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، كاری پێویست بکەن بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری لێخۆشبوون لە دانەوەی قەرز لەسەر هاوبەشانی ئاو بۆ ماوەی سێ مانگ كە لە رێككەوتی 10-12-2023ـەوە دەستپێدەكات و له 9-3-2024 کۆتایی دێت.
