بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی .. وەزیری ناوخۆ گەیشتە بەلجیکا
ئەمڕۆ سێشەممە، بەمەبەستی بەشداریکردن لە دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی کۆچبەران، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ گەیشتە بەلجیکا .
لە راگهیندراوێكی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە:"عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ، گەیشتە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، بە یاوەریی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی وەزارەتەکە؛ بۆ بەشداریکردن لە کارەکانی دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی هاوپەیمانیی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی کۆچبەران، کە لەلایەن شانشینی بەلجیکاوە میوانداری دەکرێت، بە بەشداریی وەزیران و بەرپرسانی ئەمنی لە وڵاتانی جیاوازی جیهان".
لە راگهیندراوهكهدا باس لەوەکرا: "کۆنفرانسەکە گفتوگۆ لەسەر شێوازەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی و هەماهەنگیی زانیاری و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی کۆچبەران و تاوانکاریی ڕێکخراو، لەگەڵ تاوتوێکردنی بەرپرسیارێتیی وڵاتان لە پاراستنی سنوورەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە".
جەختی لەوە کردەوە کە "بەشداریکردنی وەزارەتی ناوخۆ لەم کۆنفرانسەدا دێتە چوارچێوەی گرنگیپێدانی عێراق بە پەرەپێدانی تواناکانی لە پاراستنی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تاوانکارییەکانی دەرەوەی سنوور، بە شێوەیەک کە لەگەڵ پلانەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ و بەهێزکردنی بوونی نێودەوڵەتیی کارا لەم بوارەدا بگونجێت".
