بۆ پرسی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران قاسم ئەعرەجی سەردانی تاڵەبانی کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، سەردانێکی بۆ شاری سلێمانی کرد بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو سەردانی تارانی کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "لەژێر ڕێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان مەحەممەد شەیاع سودانی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەیاوەری شاندێکی ئەمنی، سەردانی سلێمانی کرد، بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەعرەجی و شاندی ئەمنی یاوەری لەگەڵ سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکان کۆبوونەوە، بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، هەروەها باس لە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران کرا، گفتوگۆ لەسەر پێداچوونەوە بە واقیعی ئەو کەمپانە کرا کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دیاریکرابوون هەروەها تەواوی وردەکاری و زانیاری نێو ڕێککەوتنەکە".
ئەو کەمپانەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بۆ کراوە بەپێی ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ نیشتەجێکردنی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە کراون.
