بە ئامادەبوونى چەندین هونەرمەند و سیاسەتمەدار تەرمى هونەرمەند زاهیر عەبدولڵا بەخاكسپێردرا
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەئامادەبوونى چەندین هونەرمەند و سیاسەتمەدار، تەرمى هونەرمەند زاهیر عەبدولڵا بەخاكسپێردرا.
ئەمرۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسان و هونەرمەندان و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و هاوڕێیان و دۆست و کەسوکار و خانەوادەکەى، لە گۆڕستانى کەسنەزان لە شارى هەولێر، تەرمى هونەرمەند و ئەکتەرى ناسراو و دیارى شارى هەولێر و کوردستانى بواری سینەما و دراما و شانۆى کوردى "زاهیر عەبدولڵا" بەخاکسپێردرا.
دوای توشبوونی هونەرمەند زاهیر عەبدولڵا بە نەخۆشیی شێرپەنجە، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە مانگی شەشی ڕابردوو ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کرا، بەڵام لەم ماوەیەدا دووبارە بەهۆی نەخۆشیەکەیەوە دۆخی تەندروسیی ناوبراو تێکچووە و کەوتە دۆخێکی خراپی تەندروستی و دوێنێش شەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2024، بەهۆی سەختى نەخۆشییەکەیەوە، لە تەمەنی 66 ساڵیدا ماڵئاوایی یەکجاریی لە هەولێر و هونەر و ئازیزانی كرد.
شایەنی باسە، زاهیر عەبدولڵا ناوێكی دیاری هونەری و هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەربوو و خزمەتێکی زۆری هونەری شانۆ و سینەمای کوردی کردووە و کەسایەتییەکی هونەریی دیاری شاری هەولێر و کوردستان بوو، لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایکبووە و لە ساڵی 1972 بۆ یەکەمجار بەشداریی شانۆگەرییەکی کردووە بەناوی "ئەنجامی پووڵپەرستی"، دواتر بەشداریی دەیان شانۆگەری، دراما و فیلمی سینەمایی کردووە، ساڵی 2019 کتێبێکی بیرەوەریی بڵاوکردەوە بەناوی "تەیراوە هەربە پیاسە" کە تیایدا باسی سەردەمی منداڵی خۆی دەکات تا رۆژی راپەڕینی ساڵی 1991 و لەم کتێبەدا هەوڵی داوە ڕاستی و شێوازی ژیانی خۆی بنووسێتەوە.
دوایی هەواڵی کۆچی دوایی چەند بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرخۆشیان ئاڕاستەی خێزان و خۆشەویستانی ئەو هونەرمەندە کرد، لەوانە پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، هەروەها سەرۆکی یەکێتیی بافڵ تاڵەبانی کە نووسی: "بۆ ئەم لەدەستدانە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی خێزان و کەسوکارە سەربەرزەکەی دەکەم".
