بە سەرۆکایەتی سودانی... کۆبوونەوەیەکی حکومی بۆ خێراترکردنی یەکخستنی کارتی نیشتمانی لەگەڵ کارتی زانیاری
ئەمڕۆ یەکشەممە"محەمەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیران، ڕێنماییدا بە تەواوکردنی بەسیستمکردنی (حوکمڕانیی) کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو و فراوانکردنی زیادکردنی بەڵگەنامەکانی دیکە بۆ ناوی، تاوەکو ببێتە سەرچاوەیەکی نیشتمانیی ئەلیکترۆنیی یەکگرتوو.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، تیایدا هاتووە : ئەمڕۆ "محەمەد شیاع سودانی " سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد سەبارەت بە پڕۆژەی بەسیستمکردنی کارتی نیشتمانی و تێکەڵکردنی لەگەڵ کارتی زانیاری.
وەک راگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیارە تایبەتەکانی پڕۆژەکە خرانە ڕوو، کە بریتی بوون لە پەسەندکردنی سیستەمی کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو وەک سیستەمی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی داتای کەسیی هاوڵاتیان، و زیادکردنی داتاکانی تایبەت بە کارتی نیشتەجێبوون و بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی، بەمەش پێویست بە دەرکردنی کارتی نیشتەجێبوونی جیاواز ناکات.
راگەیەندراوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو: کە لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی سیستەمی ئەلیکترۆنیی کارتی نیشتمانی تاوتوێ کرد بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی دیکە،لەوانە گۆڕینی زانیاریی نیشتەجێبوون، داواکردنی وێنەی تۆمار (صورة القيد)، و گۆڕینی ناسنامەی باری خێزانی، لە پاڵ خزمەتگوزارییەکانی دیکەی پەیوەست بە کارتی نیشتمانییەوە، بە مەبەستی بەسیستمکردنی سەرجەم جۆرە خزمەتگوزارییەکان، لەگەڵ پێویستیی پاڵپشتیکردنی سیستەمەکە بە ئەپڵیکەیشنی ئەلیکترۆنی بۆ دروستکردنی یەک سەرچاوەی زانیاری کە سەرجەم فەرمانگەکانی دەوڵەت کاری پێ بکەن.
راگەیەندراوەکە ڕوونیشیکردۆتەوە : کە سەرۆک وەزیران ڕێنماییدا بە تەواوکردنی پڕۆژەکە بە خێراترین کات، و تەواوکردنی بەسیستمکردنی کارتی نیشتمانی و فراوانکردنی زیادکردنی بەڵگەنامەکانی دیکە بۆی تا ببێتە سەرچاوەیەکی نیشتمانیی ئەلیکترۆنیی یەکگرتوو، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان لە ڕێگەی کەمکردنەوەی بەڵگەنامەکان و کەمکردنەوەی سەردانیکردنی فەرمانگەکان.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : پڕۆژەکە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی سەرجەم نووسینگەکانی کارتی نیشتمانی و ژێرخانەکەیان لە سەرجەم شارەکاندا، و نوێکردنەوەی ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و بەرنامە ئەلیکترۆنییەکان بەپێی نوێترین شێوازە تەکنەلۆژییە جیهانییەکان.
