بە فەرمی... عێراق هاوردەکردنی مریشکی بەستوو و پارچەکانی قەدەغە دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاریدا هاوردەکردنی مریشکی بەستوو و پارچەکانی بۆ پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و بەرهەمهێنەرانی پەلەوەر قەدەغە بکات.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارەکە "لەگەڵ سیاسەتی وەزارەتەکە هاتووە کە پارێزگاری لە بەرهەمە ناوخۆییەکان و بەرهەمهێنەرانی پەلەوەر دەکات، هەروەها لەسەر بنەمای ئەوەی کە عەباس جەبر مالیکی وەزیری کشتوکاڵ پێشکەشی کردووە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری دەنگیدا بە قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی مریشکی تەواو بەستوو و پارچەی مریشک و بەرهەمەکانی مریشک، بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی لە لافاوبوونی بازاڕ بە بەرهەمە پەلەوەرییە هاوردەکان".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "بڕیارەکە دوای 45 ڕۆژ لە دەرچوونی جێبەجێ دەکرێت، ڕێگە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدات ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر".
لە سەرانسەری عێراقدا نزیکەی 1200 کێڵگەی پەلەوەر هەیە، بەدەر لە هەرێمی کوردستان. بەپێی بەیاننامە فەرمییەکان، نزیکەی ٥٠٠ کێڵگەی مریشکی هێلکەدان و ٧٠٠ کێڵگەی مریشکی گۆشت هەیە.
