بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای دادوەری و دەزگا ئەمنییەکان... بەدواداچوونی چڕ و ڕێکاری ڕێکخستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناوەڕۆکی چەواشەکار
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، جەختی کردەوە لەسەر بەدواداچوونی چڕ و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناوەڕۆکی چەواشەکار بە مەبەستی پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکات کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەرچووە سەبارەت بە بانگەواز بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پلاتفۆرم و سایتانەی پڕوپاگەندە بۆ فیتنە دەکەن یان دەنگۆی چەواشەکارانە بڵاودەکەنەوە کە ڕەنگە دەستکاری ئاسایشی وڵات و سەلامەتی کۆمەڵگە بکەن".
ڕوونیشیکردەوە، "ڕۆڵی ڕێکخستنی دەستەکە، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە فەرمانی تەشریعی ژمارە (65)ی ساڵی 2004 و لایحەی ڕێساکانی پەخشی ڕاگەیاندندا هاتووە، لەسەر بنەمای بەدواداچوونی ناوەڕۆکی میدیایی و دیجیتاڵی و دەستنیشانکردنی هەر سەرپێچییەک لەبارەی هاندان یان بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکار یان ئەو وتارانەی هەڕەشە لە ئاشتی ناوخۆیی دەکەن، کار دەکات".
ئاماژەی بەوەش کرد، "چەند ڕۆژێکە دەستی کردووە بە کاراکردنی ڕێکارە یاسایی و ڕێکخستنییە پەسەندکراوەکانی بە شێوەیەکی ناوازە و بەدرێژایی 24 کاتژمێر، کە چاودێریکردنی ناوەڕۆکی سەرپێچیکار و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر لایەنە بەرپرسەکان دەگرێتەوە، جگە لە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەکنیکی پێویست".
جەختیشی کردەوە، "ئەم ڕێکارانە لە چوارچێوەی هاوسەنگی نێوان پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین کە لە دەستووردا گەرەنتی کراوە ئەنجام دەدرێن، بەو شێوەیەی دەستکاری مافی ڕەوا لە دەربڕینی بیروڕا یان ئاڵوگۆڕی زانیاری نەکرێت لە چوارچێوەی ڕێسای یاسایی و پیشەییدا".
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم ڕێکارانە کارکردنی چڕ لەگەڵ لایەنە دادوەری و ئەمنییەکان دەگرێتەوە بۆ دیاریکردنی ئەو پلاتفۆرمانەی ناوەڕۆکی ڕقوکینە، توندوتیژی یان زانیاری چەواشەکار بڵاودەکەنەوە کە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بلۆککردن بەپێی ڕێساکانی دەستەکە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی".
دەستەکە دووبارە داوای لە دامەزراوە میدیاییەکان و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و دروستکەرانی ناوەڕۆک کرد کە "پابەندی پێوەرە پیشەییەکان بن و دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما یان ئەو ناوەڕۆکانەی دەبنە هۆی نانەوەی فیتنە"، جەختیشی کردەوە لەسەر بەردەوامبوونی لە ئەنجامدانی ڕۆڵی ڕێکخستنی خۆی بۆ پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵگە.
