بە ڕاسپاردەی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێ.. لیژنە و فەرمانگەی ناوبژیوانان لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە پاشگەز بوونەوە
لیژنە و فەرمانگەی ناوبژیوانان لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاریان دا لە دەستلەکارکێشانەوە پاشگەز ببنەوە و بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەرکە هونەری و کارگێڕییەکانیان، ئەمەش لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی سەرۆکی یەکێتییەکە.
لە ڕاگەیەندراوێکی یەکێتیی تۆپی پێدا کەدەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: لیژنە و فەرمانگەی ناوبژیوانان لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ ڕای گشتیی وەرزشییان ڕاگەیاند، کە بەهۆی ئەو بڕیارانەی لە لیژنەی ئینزیبات و ڕەوشتەوە دەرچوون و ئەو دەستوەردانە ڕاستەوخۆیانەی لە کاروباری هونەریی ناوبژیوانیدا کراون -کە بەپێی ڕێنمایی و پەیڕەوی یەکێتیی نێودەوڵەتی (FIFA) و یەکێتیی ئاسیا (AFC) تەنها لە ناوەرۆکی دەسەڵاتەکانی لیژنە و فەرمانگەی ناوبژیواناندایە- بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵیان پێشکەش بە عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتییەکە کردبوو، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەربەخۆیی کاری ناوبژیوانی و بنەما پیشەییەکان.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقەوە پێگەیشت کە ئێستا لە ئەرکێکی فەرمیدایە لەگەڵ هەڵبژاردەی فوتساڵ لە کۆماری ئەندەنوسیا. درجال ڕەتکردنەوەی توندی خۆی بۆ دەستلەکارکێشانەوە بەکۆمەڵەکە دەربڕی و متمانەی تەواوی خۆی بە لیژنە و فەرمانگەی ناوبژیوانان دووپاتکردەوە، جەختیشی لە گرنگی بەردەوامبوونی کارەکانیان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی لەم قۆناغە هەستیارەدا کردەوە، لە پێناو خزمەتکردنی تۆپی پێی عێراق و سیستەمی ناوبژیوانی بەتایبەتی.
لە کۆتاییدا هاتووە: لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی سەرۆکی یەکێتییەکە و وەک ڕێزێک بۆ پێگەکەی و پەرۆشیی بۆ سەقامگیری یەکێتییەکە و دامەزراوەکانی، لیژنە و فەرمانگەی ناوبژیوانان بڕیاریان دا لە دەستلەکارکێشانەوە پاشگەز ببنەوە و بەردەوام بن لە کارەکانیان. لە هەمان کاتدا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان بەپێی چوارچێوە یاسایی و کارگێڕییە دروستەکان، بە جۆرێک کە گەرەنتی ئەوە بکات دەستوەردان لە دەسەڵاتە هونەرییەکانی لیژنەی ناوبژیوانان دووبارە نەبێتەوە.
