بە گوژمەی نزیكەی سی ملیار دینار پرۆژەیەکی گرنگ لەهەڵەبجە جێبەجێ دەكرێت
پارێزگای هەڵەبجە بڵاویكردەوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دا لەسەر دیزاینكردن و دروستكردنی ڕێگای بازنەی 40 مەتری بە گوژمەی نزیكەی سی ملیار دینار بۆ شارەكە كە پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژی دیكەیە بۆ هەڵەبجە.
پەڕەی فەرمی پارێزگای هەڵەبجە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، دوبەداوی هەوڵە بەردەوامەكانی نوخشە ناصح، پارێزگاری هەڵەبجە و بەدوداچونی بەردەوام، خۆشبەختانە توانرا ڕەزامەندی لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دیزاینكردن و دروستكردنی ڕێگای بازنەی 40 مەتری وەربگیرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆژەكە گرنگ و ستراتیژییە و بە گوژمەی نزیكەی سی ملیار دینار بۆ پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ دەكرێت کە دەبێتە ئاوەدانی زیاتری پارێزگاکەمان.
بەگوێرەی نوسراوێكی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (7404) كە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی لەسەرە و 29ـی مانگی ڕابردو دەرچوە، پڕۆژەكە بڕێك پارەی بە شێوەی نەختینەی بۆ تەرخانكراوە و بەشێوەی قۆناغ لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی (2025) جێبەجێ دەكرێت.
