بەرپرسێکی پارتی باس لە کودەتا ذژی پارتی لە نەینەوا و ناوچە دابڕاوەکان لە موسڵ دەکات
نازم ھەرکی، بەرپرسی پارتی لە شەنگال دەڵێت: "دوای بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ گۆڕینی بەرپرسی یەکە ئیدارییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا، بە تەواوی نایاسایی و نادەستووری بوو، ئێمە بە ھەموو شێوەیەک ڕەتمان کردەوە و پارێزگاریش ناتوانێت بڕیاری نایاسایی و نادەستووری جێبەجێ بکات، بۆیە بڕیارەکە ڕاگیرا و کاری پێ ناکرێت".
بەرپرسی لقی 17ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەنگال بۆ میدیای فەرمی پارتی، ناکرێ کاری نایاسایی لەڕێگەی ئەنجوومەنەوە ئەنجام بدرێت، ئەوەی کرا کودەتایەک بوو، بە شێوەیەکی میلیشیایانە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، چونکە بۆ گۆڕینی بەرپرسە ئیدارییەکان، پێویستە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت، یاخود لە ئەنجوومەنی وەزیران یان ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاری لێ بدرێت، بۆیە بێ گوێدانە ھیچ ڕێکارێکی یاسایی، ئەو کارەیان کردبوو.
لە درێژەی قسەکانیدا نازم هەرکی دەشڵێت: دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا لەبارەی دیاریکردنی بەرپرسی یەکە ئیدارییەکان نایاسایی بوو، بۆیە ھەر لە سەرەتاوە ئێمە ڕەتمان کردەوە، داوا دەکەین چیتر بڕیاری نایاسایی و نادەستووری بەسەر خەڵکی پارێزگای نەینەوادا نەسەپێندرێت، بەھۆی ئەوەی ئەو پارێزگایە جیاوازە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە و پارێزگای پێکەوەژیانە و پێویستە بڕیارەکانی بە سازان بێت نەک بە زۆرینە، هەر ئەمجارە نا بەڵکو هەر کاتێک بڕیاری لەو شێوەیە بدرێت ڕێگە نادەین بڕیاری نایاسایی دژی نەینەوا بدرێت، چونکە ئێمە وەکو پارتی زۆرینەین و خاوەنی زۆرترین دەنگین، زیاتر لە ١٤٢ ھەزار دەنگمان بەدەست هێناوە، هەر بۆیەش ئەم بیرکردنەوە مەترسیدارانە کە فیتنەی نێوان پێکھاتەکانی لێ دەکەوێتەوە ڕەت دەکەینەوە.
شایەنی باسکردنە...
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو 2ـی تەمموزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا كۆبووەوە و قایمەقامی شەنگال و 13 بەرپرسی ئیداری دیكەی سنووری پارێزگای نەینەوا هەڵبژارد و بەرپرسە ئیدارەیەکانی ئەو شارانەی سەر بە نەینەوا گۆڕان.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سێشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، سەیدۆ خەیری ئەحمەد بە کۆی دەنگی ئەندامان وەک قایمەقامی قەزای شەنگال هەڵبژێردرا، هەروەها سەردار حەمەد لە یەکێتیی بۆ قایمەقامیەتی مەخموور، دائوود شێخ جوندی وەک بەڕێوبەری ناحیەی سنونێ لە ڕۆژئاوی پارێزگای نەینەوا و یاسر شێخ عەساف لە یەکێتیی وەک بەڕێوبەری ناحیەی وانکێ لە ئیدارەی شەنگال لە ڕۆژئاوای نەینەوا، سامر یوسف قایمەقامی قەزای حەمدانیە، خەلیل هابش بە قایمەقامی تەلەعفەر، ڕەعد ناسر بە قایمەقامی تلکێف و عەلی ساڵح مازی بە قایمەقامی حەزەر، هەروەها غالب عەلی بە بەڕێوەبەری ناحیەی قەراج، فەلاح قەنبەر، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتڵە، عوبەید خەلیل ئەحمەد بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار، هەروەها عەلی مەحەممەد جدەیەع بە بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە و ئوسامە شاهر بە بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە.
لە کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی بەرپرسی ئیدارەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا، ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و نەینەوا لاهلها بەشدار نەبوون و دوای گۆڕینەوەی بەرپرسە ئیدارەیەکان و قایمەقامەکان، ڕەیان کلدانی سەرۆکی جوڵانەوەی بابیلۆن بەزمانی کوردی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا گووت "لۆ مارێ"، وەک نیشانەی سەرکەوتن دژی پارتی دیموکراتی کوردستان.
كلمات مفتاحية
- پارتی دیموکراتی کوردستان
- پارتی
- نەینەوا
- ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا
- نازم هەرکی
- یەکێتیی
- شەنگال
- مەخموور
