بەرەی گەل داوای ئاشکرا کردنی چارەنوسی بێسەروشوێنانی شەڕەكەی لالەزار دەکات
ئەمڕۆ دوشەممە،بەرەی گەل داوای لە سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کرد، هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی بێسەروشوێنانی شەڕەكەی لالەزار.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەرەی گەل، شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستانی کردو لەلایەن مونا یاقو، سەرۆکی دەستە و هاوکارانی پێشوازی لێكرا.
لە کۆبونەوەکەدا باس لە ڕەوشی گیراوان و بێسەروشوێنانی شەڕەکەی لالەزار كراوەو وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، شادمان مەلا حەسەن داوای لە سەرۆکی دەستە کرد هەوڵی بەردەوامی خۆیان بدەن بۆ دیاریکردنی چارەنوسی بێسەروشوێنان و باشکردنی ڕەوشی گیراوەکان و دادگاییکردنیان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا پەیامێك ئاراستەی کەسوکاری گیراوان ئەوانەی تاکو ئێستا چارەنوسیان نادیارە، كراوە كە پەیوەندی بە ناوەندەکانی دەستەی مافی مرۆڤ بکەن بۆ دیاریکردنی چارەنوسیان.
