بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى سلێمانی بایکۆتی دەوامیان دەستپێکرد
ئەمرۆ یەکشەممە (24ـى ئادارى 2024)، مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، "بەهۆى پێنەدانى مووچەکانیان لەمرۆوە بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانى ژمارەیەک خوێندنگا و مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆى سلێمانى بایکۆتى دەوام دەکەن".
بەگوێرەى زانیارییەکان، هەر ئەمڕۆ بەشێک لە فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی، سەرجەم بانكە حكومیەكان، دادگای سلێمانی، کارتی نیشتمانی و ژمارەیەكی دیكەی بەڕێوەبەرایەتی بایکۆتى دەوام دەکەن.
هاوکات، بەشێک لە کارمەندانى کەرتى تەندروستى لە نەخۆشخانەى شار و بەشێک لە مەڵبەندەکان بایکۆتى دەوامیان دەستپێکردووە و کارمەندانى نەخۆشخانەی گشتی کەلاریش لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە بایکۆتى دەوامیان دەستپێکردووە.
ماوەى هەفتەیەکە بایکۆتى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى سلێمانى بەهۆى پێنەدانى مووچەکانیان بەردەوامە، فەرمانبەران و مامۆستایان داوا دەکەن مووچەکانیان پێبدرێت.
