بەقائی: چاوەڕوانی دانوستانێكی درێژخایەن لەگەڵ ئەمریکا ناكەین
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکانی تاران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئەمریكا كە ئەمڕۆ لەشاری مسقەتی پایتەختی عومان دەستیپێکرد، چاوەڕوان ناکرێ درێژە بخایەنێت.
ئیسماعیل بەقایی، ئەمڕۆ شەممە بە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاند، "ئەمە سەرەتایەکە و پێشبینی ناکەین ئەم خولەی دانوستانەکان زۆر درێژ بێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەردولا لە ڕێگەی نێوەندگیرییەکی عومانییەوە "هەڵوێست و پرەنسیپەكانی" خۆیان ئاڵوگۆڕ دەکەن.
سەرچاوەیەكی عومان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریكا چڕ كراوەتەوە لەسەر كەمكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە و ئاڵگۆڕی زیندانیان و گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی سنوردار بۆ كەمكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران، لەبەرامبەر كۆنتڕۆڵكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.
مەسقەت میوانداری دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دەکات کە ئەمڕۆ شەممە دەستیپێکردوە، بە ئامانجی دەستپێکردنی دانوستانی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کە بە خێرایی بەرەوپێش دەچێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئێران.
لایخۆیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتی شاندی ئێران دەکات و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکردایەتی دانوستانەکانی لایەنی ئەمریکی دەکات.
