بەهۆی لافاو و بارانەوە زیاتر لە 30 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش لە تایلەند و مالیزیا ئاوارەبوون
بەهۆی لافاو و بارانی وەرزی زیاتر لە 30 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون، و هەردوو وڵاتی مالیزیا و تایلەند پەناگە و پلانی چۆڵکردنیان ئامادەکردووە لە چاوەڕوانی بارانبارینی زیاتر.
فەرمانگەی خۆپاراستن و کەمکردنەوەی کارەساتەکانی تایلەند لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەڵێت: لەماوەی ئەم هەفتەیەدا 25 کەس بەهۆی لافاوەوە لە باشووری وڵاتەکە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها زیاتر لە 300 هەزار خێزان زیانیان بەرکەوتووە و زۆرێک لە قوتابخانە و 98 بنکەی تەندروستی ناچار بوون دابخرێن بەهۆی لافاوەوە و وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 34 هەزار کەس ڕزگارکراون لەو لافاوە.
لە وڵاتی مالیزیا لایەنی کەم شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 85 هەزار کەس گوازراونەتەوە بۆ قوتابخانە و ناوەندەکانی فریاگوزاری، بەهۆی گەیشتنی لافاوە بۆ ناوچە و ماڵەکانیان.
بەهۆی ئەو لافاوەوە کە چەند ڕژێکە هەردوو وڵاتی مالیزیا و تایلەندی گرتەوە، بەشێکی زۆری کێڵگەکانی برنج ژێر ئاو کەوتووە و ملیۆنەها دۆلار زیانی بە جووتیاران گەیاندووە، بارانێکی بەخوڕ زیانی بە ڕێگاوبان و ماڵ و دامەزراوە گشتییەکان گەیاندووە لە ناوچەی کیلانتان و بەشەکانی تری مالیزیا.
ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا گوتوویەتی: پێنج ڕۆژ بارانبارینی بەخوڕ کە هەفتەی ڕابردوو لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە باریوە یەکسانە بەو بڕە بارانەی کە لە شەش مانگی ڕابردوودا باریوە و زیانێکی زۆری بە مالیزیا گەیاندووە.
