بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر باشووری ئیسرائیل زیاتر لە ١٦٠ کەس بریندار بوون
بەرپرسانی فریاگوزاری ئیسرائیل ڕایانگەیاند، بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر دوو شارۆچکەی باشووری ئیسرائیل کە نزیکن لە دامەزراوەیەکی ئەتۆمی، زیاتر لە ١٦٠ کەس بریندار بوون، کە برینی هەندێکیان سەختە.
ئەوان دەڵێن، ٨٤ کەس لە "ئاراد" و ٧٨ کەسی دیکە لە "دیمۆنا" چارەسەرییان بۆ دەکرێت، دوای ئەوەی ئێوارەی شەممە موشەکە بالیستییەکان بەر ئەو شارۆچکانە کەوتن.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم (IAEA) دەڵێت، ئاگاداری هیچ زیانێک نییە کە بە بەر دامەزراوەی توێژینەوەی ئەتۆمی کەوتبێت، کە نزیکەی ١٣ کیلۆمەتر (هەشت میل) لە دەرەوەی دیمۆنا هەڵکەوتووە.
پێشتر تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاندبوو، هێرشەکان وەک وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکەی ڕۆژی شەممە بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنزی ئێران.
ڕۆژی یەکشەممە، دەزگاکانی فریاگوزاری ڕایانگەیاند کە لانی کەم حەوت کەس لە هێرشێکی موشەکی ئێران بۆ سەر تەلئەبیب بریندار بوون.
هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دەڵێت، تاران لە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتەوە، ٤٠٠ موشەکی بەرەو ئیسرائیل تەقاندووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە ٩٢٪ی موشەکەکان تێکشکێنراون.
لە "ئاراد"، دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن ئەو تەقینەوانەی شەوی شەممە بیستوویانە تۆقێنەر بوون. موشەکەکە زیانی زۆری بە چەندین باڵەخانە گەیاندووە و چاڵێکی قووڵی دروستکردووە.
