ترەمپ بۆ زێلێنسکی: پەلە بکە بۆ رێککەوتن ئەگەرنا هەلێکی گەورە لەدەست دەدەیت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، فشارەکانی بۆ سەر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا چڕکردووەتەوە، داوای لێکردووە هەنگاوی خێرا بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ رووسیا.
هەینی 13ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی،"پێویستە زێلێنسکی بجوڵێت و هەنگاو بنێت، ئەگەرنا هەلێکی زۆر گەورە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەدەست دەدات".
ئەم لێدوانەی ترەمپ وەک ئاماژەیەک بۆ فشاری واشنتن لەسەر کێڤ دەبینرێت تاوەکو سازش بۆ مەرجەکانی ڕێککەوتن بکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم فشارانە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، خولێکی نوێی دانوستانەکان بۆ چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا لە رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە (شوبات) لە شاری جنیڤی سویسرا بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا شاندی باڵای هەریەکە لە رووسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا بەشدار بن.
