ترەمپ بەراوردکاری نێوان عێراق و ڤەنزوێلا ڕەتدەکاتەوە؛ "نەوتەکە بۆ خۆمان دەهێڵینەوە"
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بەراوردکارییەکانی نێوان دەستوەردانی پێشوی ئەمریکا لە عێراق و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەم دواییەی ڤەنزوێلای ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئیدارەی ترەمپ پلانی هەیە نەوتە دەستبەسەرداگیراوەکەی ڤەنزوێلا بۆ خۆی بهێڵێتەوە، نەك وەك عێراق بەجێبهێڵێت.
بەگوێرەی وتەکانی جۆو سکاربۆرۆ، پێشکەشکاری بەرنامەی (MS NOW) کە وردەکاری گفتوگۆکەی لەگەڵ سەرۆکدا خستوەتەڕو، ترەمپ وتویەتی، "جیاوازی نێوان عێراق و فەنزوێلا ئەوەیە کە [سەرۆکی پێشو جۆرج دەبلیو بوش] نەوتەکەی بۆ خۆی نەهێشتەوە. ئێمە نەوتەکە بۆ خۆمان دەهێڵینەوە".
هەروەک پێشکەشکارەکەی "Morning Joe" لە زاری ترەمپەوە گواستویەتییەوە، ترەمپ بەردەوام بوە و وتویەتی، "لە ساڵی 2016ـدا وتم دەبو نەوتەکەی عێراقمان بۆ خۆمان بهێشتایەتەوە. ئەوکاتە مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە. باشە، دەبو نەوتەکەمان بۆ خۆمان بهێشتایەتەوە. ئێمە دامەزراوە نەوتییە تێکچوەکانیان نۆژەن دەکەینەوە و ئەمجارەیان نەوتەکە بۆ خۆمان دەهێڵینەوە".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ بۆ سکاربۆرۆ دوای ئەوە دێن کە ڕۆژی دوشەممەش بە "NBC News"ی ڕاگەیاندبو، ئەمریکا ئامادەیە پاڵپشتی کۆمپانیا نەوتییەکان بکات بۆ یارمەتیدانی بنیاتنانەوەی ژێرخانی ڤەنزوێلا، کە ڕەنگە کەمتر لە 18 مانگ بخایەنێت.
ترەمپ بە کەناڵەکەی ڕاگەیاندوە، "پێموایە دەتوانین بە کەمتر لەو کاتە، كارەكە بکەین. بەڵام پارەیەکی زۆری دەوێت. بڕێکی زۆر پارە دەبێت خەرج بکرێت و کۆمپانیا نەوتییەکان خەرجی دەکەن، دواتر لەلایەن ئێمەوە یان لە ڕێگەی داهاتەوە قەرەبو دەکرێنەوە."
