ترەمپ بەنیازە ساڵی داهاتوو سەردانی چین بکات، دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی چین گەیشتە ڕێککەوتنی بەهێز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئاپێک (ئاسیا - زەریای هێمن) لە کۆریای باشور لەگەڵ شی جین پینگ، هاوتا چینییەکەی کۆدەبێتەوە، هەروەها ساڵی داهاتو سەردانی چین دەکات. دەشڵێت، "پێشکەوتن لە گفتوگۆکانی تیک تۆک، دۆسیەی بازرگانی و ماددە هۆشبەرەکان بەدیهاتوە".
دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ هەینی لە پلاتفۆرمی "Truth Social" بڵاویكردەوە، پەیوەندییە تەلەفونیەكەی و گفتوگۆكانی لەگەڵ شی "زۆر بەرهەمدار" بون، سەرۆکی چین لە "کاتی گونجاودا" سەردانی ئەمریکا دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە پێشکەوتنی گفتوگۆ تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی سەبارەت بە گرێبەستی "تیک تۆک" کرد، بەڵام بە ئاشکرا هیچ ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیاند.
لە پۆستەکەی ترەمپدا هاتوە، "ئێمە پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە لە چەندین بابەتی زۆر گرنگدا، لەوانە بازرگانی و مادەهۆشبەرەكان، پێویستی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، و پەسەندکردنی گرێبەستی تیک تۆک".
ئاژانسی هەواڵی فەرمی شینخوای چین ڕایگەیاند، شی لەگەڵ ترەمپ سەبارەت بە "تیک تۆک" قسەی کردوە و چین ڕێز لە ویستی کۆمپانیاکان دەگرێت و پێشوازی لە گفتوگۆی بازرگانی کۆمپانیاکان دەکات لەسەر بنەمای یاساکانی بازاڕ و گەیشتن بە چارەسەرێک کە لەگەڵ یاسای چیندا بگونجێت.
سەرۆکی چین داوای لە ئەمریکا کرد کە ژینگەیەکی کارکردنی کراوە و دادپەروەرانە و بێ جیاکاری بۆ کۆمپانیا چینییەکان دابین بکات.
