تورکیا: میدیاکان لێدوانەکانی فیدانیان شێواندووە و پشتگیری لە یەكپارەچەیی خاكی عێراق دەکەین
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند: لێدوانەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەلایەن هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنەوە شێوێندراوە، جەختیشیکردەوە: وڵاتەکەی پشتگیری لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی عێراق دەکات.
ئۆنجو کەچەلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی هاکان فیدان دەربارەی عێراق، کە ئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "هەندێک لەو لێدوانانەی کە هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە ڕێکەوتی ٩ی شوباتی ٢٠٢٦ دابووی، لەلایەن هەندێک لە میدیاکانی عێراقەوە شێوێندراون."
وتەبێژەکە وتیشی: "لە هەموو بۆنەیەکدا جەخت دەکەینەوە کە ئامانجمان بەرەوپێشبردنی هاوکارییە دامەزراوەیی و بونیاتنەر و بەرهەمدارەکانمانە لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانەش ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر لە قۆناغی داهاتوودا." ئاماژەی بەوەشکرد: مەبەستی فیدان لەو لێدوانانە تەنها ڕاکێشانی سەرنج بووە بۆ ئەو هەڕەشەیەی کە رێكخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ سەر یەکپارچەیی و ئاسایشی عێراق دروستی کردووە، بەتایبەت لە ناوچەکانی شەنگال، مەخموور و قەندیل.
هەروەها ڕایگەیاند: "ئێمە شێواندنی لێدوانەکانی وەزیر فیدان لەلایەن هەندێک لایەنەوە ڕەتدەکەینەوە، کە مەبەستیان بووە قسەکان لە چوارچێوەی خۆی دەربهێنن و وەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق وێنای بکەن." دووپاتیشیکردەوە: "تورکیا وەک وڵاتێکی دراوسێ، پشتگیری لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی عێراق دەکات."
