تورکیا ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ڕێچارەیەکی سەربازی لەدژی ئێران دووپات دەکاتەوە و داوای گفتوگۆی دیپلۆماسی دەکات
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی چاوپۆشی لە ئەگەری بەکارهێنانی توندوتیژی دژی ئێران ناکات.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: وڵاتەکەی هیوای وایە ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێن جەختیشی لەسەر ڕەتکردنەوەی هەر چارەسەرێکی سەربازی لەلایەن ئەنقەرەوە کردەوە کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
وتیشی: تورکیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، ڕوونیشیکردەوە کە لەپێشینەترین کار، دوورکەوتنەوەیە لە گرژی و بەکارنەهێنانی توندوتیژییە دژی ئێران.
سەبارەت بە پرسی فەلەستین، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئیسرائیلی بە بەرپرسیار زانی لە دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ڕێککەوتنی غەززە، وتیشی: ئەوەی ڕوودەدات دەگەڕێتەوە بۆ فشارەکانی ئەمریکا، جەختیشی کردەوە کە ئامانجی کۆتایی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەرکردنی فەلەستینییەکانە لە کەرتی غەززە.
لەبارەی دۆسیەی سووریاوە، وەزیرەکە داوای لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد کە نیازی باش نیشان بدەن و لە بازنەی توندوتیژی بچنە دەرەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بوونی هەسەدە لە ڕۆژئاوای ڕووباری فوڕات، بە ناوچەکانی وەک (دێر حافر)یشەوە، بە نایاسایی دادەنرێت.
هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە "هەسەدە" کرد بڕیارەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لە سووریا، لە زووترین کاتدا جێبەجێ بکات
