تێهەڵچوونەوەی نەینەوا بەدواداچوونی مەلەفی توخمەکانی داعش کە لە سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا، ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی بۆ بەدواداچوونی مەلەفی توخمەکانی قەوارەی داعشی تیرۆریستی ڕاگەیاند، کە لە سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی دەسەڵاتی دادوەریدا کە دەست ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: "سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ڕێکخست، سەبارەت بە وەرگرتنەوە و دادگاییکردنی توخمەکانی قەوارەی داعشی تیرۆریستی کە لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە، دادوەر ڕائید حەمید، و ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری مافی مرۆڤ، زەیدان خەڵەف، و بەڕێوەبەری گشتی ڕزگاربووان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سەراب ئەلیاس، لەگەڵ نوێنەرانی ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاری دادوەری نێودەوڵەتی، جگە لە کەسوکاری قوربانییان و ڕزگاربووان بەڕێوەچوو".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا "باس لە ڕێکارەکانی کاری لیژنەی دادوەری هاوبەشی تایبەت بە مەلەفی توخمەکانی قەوارەی داعشی تیرۆریستی کرا کە لە زیندانەکانی سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر بەدواداچوونی کەیسی ڕزگاربووانی کوردی ئێزدی و تورکمان، و زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان و چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگری و یاساییەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسیان".
