تەرمی بیست کۆچبەری نایاسایی له کەنارەکانی وڵاتی تونس دۆزرایەوە
دەسەڵاتدارانی وڵاتی تونس لە باکووری ئەفریقا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممه 18ـی کانوونی یەکەمی 2024 تەرمی بیست کۆچبەری نایاسایی له کەنارەکانی پارێزگای سەفاقس له ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و ڕزگارکردنی پێنج کۆچبەری دیکەیان ڕاگەیاند.
بەڕێوبەرایەتی گشتی پاسەوانی نیشتمانی وڵاتی تونس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە یەکەکانی هێزی دەریایی ناوچەی پاسەوانی دەریایی لە ناوچەی وەسەت تەرمی 20 کۆچبەری نایاساییان دۆزیوەتەوە و هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانیش توانیویانە 5 کەسی دیکەش ڕزگار بکەن پاش ئەوەی بەلەمەکەیان لە دووری 13 میل دەریایی لە کەناراوەکانی ناوچەی لوزا لە پارێزگای سەفاقس نقوم بوو.
بەڕێوبەرایەتی دەریایی ئاماژەی بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و پشکنین کرد لەلایەن یەکەکانی دەریایی بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکەدا، هەروەها جەختی لە پابەندبوونی خۆی کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ پاراستنی سنوورە دەریاییەکان و پاراستنی گیانی خەڵکی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
